بڕوانە هانس مۆرگێنتاو: دەبێت هێزمان هەبێت و ئەقڵیش لە تەنیشتی دا
بەهرۆز جەعفەر
دەوڵەتسازیی، بە بوونە پاشکۆی ڕای گشتی و دەنگە-دەنگ چێ نابێت، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەوڵەتیش وەک مرۆڤ بە “ڕەفتار-سلوک-Behaivior” دا دەناسرێتەوە.
لە چلەکانی سەدەی بیستەمدا، هەر دووەمین جەنگی جیهانی ڕووی نەدا، هەر درووستبوونی نەتەوەیەکگرتوەکان و سیستەمی نوێی جیهانی و پرەنسیپی ترومان و پرۆژەی مارشاڵ نەهاتن، هەر بە تەنها ڕێسا نوێیەکانی پەیوەندی بازرگانی- جیهانی بەهۆی “سیستەمی بریتون وودز” سەری هەڵنەدا، بەڵکو قوتابخانەی گەورە-گەورەی فیکریی و زانستییش کەوتنە گەڕ.
یەکێک لەو قوتابخانە سەرەکییانە تیۆرەی “ڕیالیزمیی کلاسیک- قوتابخانەی واقیعییەت” بوو کە لەهەناوی کتێبە بەناوبانگەکەی پڕۆفیسۆری ئەمریکیی بەڕەگەز ئەڵمانی “هانس مۆرگێنتاو-Hans Morgenthau بە ناونیشانی” Politics Among Nations: The Struggle for Power and Peace” هاتەدەر:
سەرهەڵدانی ڕەوتی واقیعبینانە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ڕەوتی ئایدیالیستی “میسالییەکان” دا هات، بەهۆی نادروستی ئەم ڕەوتە، کە بنەماکەیان بۆ ئەو قۆناغە ئەوەبوو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی دیدگای میسالییەتدا بکرێتە کۆمەڵگەیەکی سەلار و باشتر و ئاستێکی نموونەیی، بەبێ ئەوەی واقیع وەک بنەما وەربگرێت، جگە لەوەش “مێژوو”یان لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا پشتگوێ دەخست. بە جۆرێک ڕەوتی ئایدیاڵی ڕەفتاری نێودەوڵەتی وەک یەکەیەکی بنەڕەتی شیکاری سەیر کردووە و بنەمای هێز و هاوسەنگی هێزی پشتگوێ دەخات.
لێرەدا کە دەڵێین مێژوو “مەبەستمان لە جەنگەکانە” جەنگەکان کێ کردوونی؟ مرۆڤەکان و دەوڵەتەکان نەیانکردووە؟! ئەی چۆن پشتگوێی بخەین!
بۆیە تیۆری ڕیالیستی مادییەتی دیالێکتیکی خۆی لە مێژووەوە وەردەگرێت بۆ ئەوەی بگاتە گشتاندنێکی گشتیی ڕەفتاری نێودەوڵەتی، لەم ڕووەوە پێی وایە ڕای گشتی بە خێرایی دەگۆڕێت، بۆیە نابێت بڕیاردەر و درووستکەرانی بڕیار لەبەرچاوی بگرێت.
لای واقیعییەکان “ڕیالیستەکان” دەوڵەت یەکەی بنەڕەتی شیکارییە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، وایە یەکدەنگی لە نێوان وڵاتاندا هەیە، بەڵام دواجار نابێت بیرت بچێت “بەرژەوەندیی” هەیە، بە پێی ئەم تیۆرە پێویستە “فەوزا-Anarchy” هەبێت، چونکە سرووشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕەپانەکە هەر بۆ- خۆی فەوزایەو دەبێت فەوزا بێت، لە فەوزادا تۆ دەتوانی هێز وە چنگ بخەی.
لەوە دەچێ ئێستا لە پۆلێکدا ئەم وانەیە باس بکەی، خوێندکارێک لەو دوایەوە بڵێ “ئوستاز، ئەمە جەنگەڵە یان پەیوەندیی نێودەوڵەتی”، مۆرگێنتاو و دوای ئەویش ڕیالیستە نوێیەکان “واقیعییە نوێیەکان- Neo-Realists” ی وەکو “کینز واڵتز – Kenneth Waltz” دەڵێت دەبێت حاکمێک بە پێوە وەستابێت، جیهان بە بێ فەرمانڕەوایەک کە بە کووتەکێکەوە وەستاوە، وەک ئەو ساتەی لێ دێ کە هەموان شەڕی هەمووان دەکەن و تێک بەردەبن.
بڕوانە دۆخی سوریا، هی عێراق ئەگەر ئەمریکایەک نەبێت سبەی نا دوو سبەی شەست-حەفتا هەزار داعش لە کەمپی هۆڵ و دەوروبەری دێنە دەر، یان ئێرانێک لە ناوچەکەدا چی بوێت دەیکات، یان تورکیایەک..تادوایی.
هەروەها لێرەدا باڵانس ڕاگرتن هەیە بۆ ئەوەی پەتەکان نەپچڕێت و نەگاتە ئەوەی دیمەنەکە ڕێک لە دارستان بچێت، بە گشتی ئێمە دەبێت تەنها لە پێناو “هێز” دا تێبکۆشین و بۆ “هێز-Power”هەبین و “بەهێز” بین.
ئەگەر هێزمان نەبێت ناتوانین ئاسایشی خۆمان بپارێزین، هێز بە میسالیات نایەتەدی. هێز چۆن دێتە دی؟ دەڵێت بە ئەقڵ، واتە ئەگەر بەهێزێکتان بینی بێ حیکمەت و ئەقڵ بوو، ئەوە هێز لەوێدا لە مەترسییدایە.
دەکرێت هێز ئابووری، دیموکراسی، ئایدیۆلۆژی و …تا دوایی بێت، کە ڕیالیستەکان پشتگوێی ناخەن، بەڵام دەڵێن دەبێ ئەوە وەک پێویستییەک بێ بۆ گەیشتن بە ئاشتی جیهانی، تەنانەت بە پەنابردن بۆ هێز وەک بنەمایەک بۆ چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراسی بۆ درووستکردنی حوکمڕانیی درووست و سەردەمییانە.
مۆرگنتاو سێ شێواز دیاری دەکات کە ئەو وڵاتانەی کە سیاسەتی فراوانکردنی کۆلۆنیالیزم پەیڕەو دەکەن پێویستیانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکاری بهێنن:
- ئامرازی سەربازی
- ئامرازە ئابوورییەکان
- ئامرازی کەلتوریی
هەموو کاتێک بابەتەکە هێزی سەربازیی و تەکنەلۆژیای سەربازیی نییە، ئەمە دەکەوێتە سەر ئاستی ئەقڵییەت و ژیریی ڕابەرەکان، بۆ نموونە خۆ ناپلیۆن دەیتوانی بە هێزی ئەو بیرۆکە و بیروباوەڕانەی کە شۆڕشی فەرەنسا هێنایە ئاراوە، واتە بە ئامڕازە کولتوورییەکان، کۆنترۆڵی وڵاتەکەی بەسەر ئەوروپادا بسەپێنێت، بەڵام ئەو پێی باشتر بوو کە ئامرازی سەربازی بەکاربهێنێت بۆ تێرکردنی ئەو پێویستییە دەروونییەی کە تەنیا دەتوانێت بە شکۆمەندی و شانازی سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت.
بنیامین فرانکلین وتویەتی، “هەر شتێک بە تووڕەیی دەستی پێکرد، بەشەرمەزاریی کۆتایی دێت”، کاتێک تۆ هێزت هەیە، پێویستە ئەقڵیشت هەبێت بۆ ئەوەی توڕەیی شەرمەزارت نەکات، یەکێک لەو خاسییەتە گرینگانەی دیبلۆماسییەتی ئەمریکیی هەیەتی بە ناڕاستەوخۆ، دوور لە قسەی زەق و ڕاشکاو پەیامەکانی خۆی لە هەموو جێگەیەکدا دەگەیەنێت، چونکە ئەو پێویستی بەوە نییە بە ڕاشکاویی و بە توڕەیی پەیامەکەی بگەیەنێت؛ جا- ئاقڵ ئەوەیە لێی تێ بگات، ئەوانەی هەر پێیان وایە دەبێت بە هەڵەشەیی و بە ڕاشکاویی شتیان پێ بوترێت، چارەنووسەکەیان وەکو سەدامە، کە هێزی هەبوو، لە هیچی دی تێ نەدەگەیشت!
هەموو شتێ بە میسالیات و گوتارو قسەی سەر سۆشیال میدیا ببەیتەڕێوەم هەر بە گوتار و قسەی سەر سۆشیال میدیاش دەڕووخێی، یەکێک لە کەموکوڕییەکانی ئایدیالیزم ئەوەبوو، لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەدا، پێی وایە دەوڵەت پێویستە فەلسەفەی سیاسی ناوخۆیی خۆی بکاتە ئامانجی ڕەفتار و گوتاری خۆی لە کاروباری نێودەوڵەتیدا، بۆ نموونە ئایدیالیست پێی وایە کۆتاییهێنان بە هەژاری لە وڵاتەکەی خۆیدا دەبێت لەگەڵ چارەسەرکردنی هەژاری لە دەرەوەی وڵاتدا یەکبگرێتەوە، ئیتر بەمشێوەیە دونیا چاک دەبێت!
بە کورتی، هێز هەموو شتێکە لە سیاسەتدا، هێز و دەستەڵات لە ڕووی ماناو ناوەڕۆکەوە ئەوەندە لێک نیزیکن لێک جیا ناکرێنەوە، بەڵام هەر هێز گرنگ نییە، دەبێت ئەقڵ بخەینە پێش، ئێمە بە “ئەقڵ” پێش دەکەوین، ئەقڵ پەراوێز بخرێت، هێز لە هەر چرکەساتێکدا ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە مڵۆزم و کارەسات بۆ خاوەنەکەی.
تۆ سەیری بکە، لە عێراقدا سەرکردەی گرووپێکی چەکداریی هێزی هەیە، بەڵام چونکە ئەقڵی نییە هەڕەشە لە زلهێزێکی وەک ئەمریکا دەکات، کە هەر لەناوچەکەدا دەیان هاوپەیمانی وەکو ئوردن، ئیمارات، سعودییە، ئیسرائیل، کوەیت و کورد تادوایی هەیە، دەبێت چەندی کات بوێت تا سەرکردەی گروپێکی ئایدۆلۆجیی تێبگەیەنیت تۆ دەبێ بە “ئەقڵ و هێزی ژیریی” ڕکابەرایەتی هێزێکی زەبەلاحی- داهێنەری گەردوونی بکەیت! تەماشای کەنداو، سەنگافورا، یابان، مالیزیا، چین و تەنانەت هیندستان بکە؛ هێزی ئەوان لە ئەقڵەوە سەرچاوەی گرتوەو لە دەرەوەی بازنەی خۆرئاواو ئەمریکاشدا ئەسپی خۆیان تاودەدەن.
تەماشای ئێرانیش بکە، لەڕووی “هێز” ەوە پێشکەوتووە و هێزی خۆیمان نیشان دەدات، بەڵام بووەتە وڵاتێکی پەراوێزخراوی ئەم هەسارەیە، چل ساڵە بەدەست قەیرانی ئابووریی و دابەزینی بەهای دراو و لەبەریەکهەڵوەشانی کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت.