ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە بە کاتی عیراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆبوونەوە و پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە کۆبوونەوەکەی نێوان محەمەد شیاع سودانی و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆمەڵێک پرس گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، بە تایبەت لایەنی ئابووری و هەلی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە لێکتێگەیشتنی دوولایەنە سەبارەت بە زۆرێک لە پرسەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نوێنەرایەتیی نەخشەڕێگایەک دەکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان عێراق و ئەمریکا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنتۆنی بلینکن، پاڵپشتی واشنتۆنی بۆ عێراق دەربڕیوە، بە تایبەت لە چەسپاندنی عێراقێکی بەهێز و دیموکراسی و پەیوەندی تەندروست لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتی هەنگاوەکانی پەرەپێدان و چاکسازی بۆ حکومەتەکەی سودانی دەربڕیوە”.