سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وەڵامی پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا پابەندبوونی خۆی دەردەبڕێت بە یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ خەرج كردنی 3 مووچەی نەدراوی ساڵی 2023ی مووچەخۆرانی هەرێم.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوای وەڵامی سەرۆک وەزیران لەسەر سێ مووچە نەدراوەکەی ساڵی ٢٠٢٣ بابەتەکەم ئاراستەی دادگای فیدراڵی کرد بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو سێ مووچەیە، کە پێویستە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە (٢٢٤ و موحدتها ٢٦٩/ اتحادیە/٢٠٢٣) بدرێتەوە بەفەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی.
ڕاشیگەیاند، وەرنەگرتنی سێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ( ١٠-١١-١٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ کەبووە هۆکاری دوو سکاڵا لەدادگای باڵای فیدڕاڵی و دەرچوونی بڕیاری ژمارە (٢٢٤ و موحدتها ٢٦٩/ اتحادیە/٢٠٢٣) کە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی لەهەرێمی کوردستان خستە ئەستۆی حکومەتی عێراقی بەڕێگای تەوتین.
ڕوونیشی كردۆتەوە، بەنووسراوی ژمارە (٧٠٢/د لە٢٥/٢/٢٠٢٤) هاوپێچ بەواژۆی (٢٥) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران پاڵپشت بەبڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٢٢٤ و موحدتها ٢٦٩/ اتحادیە/٢٠٢٣) داوامان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، بەهاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەداهاتی نانەوتی ئەو سێ مووچەیەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکەن.
دەشڵێت: نووسینگەی سەرۆک وەزیران بەنوسراوی ژمارە ( ٣٠٠٢/٢٤١٠٢٧٣ لە ٢٧/٣/٢٠٢٤) لەوەڵامدا بۆ ئەم بابەتە پابەندی خۆی بە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥) و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ئەو بابەتە ڕادەگەیەنێت.