ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری دا دەوام لە دامودەزگا حکومییەکانی سنووری پارێزگاکە ئاسایی بکرێتەوە، ئەویش دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم و عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانەوە ڕێککەوتن.
ئهمڕۆ دووشەممە، ئازاد تۆفیق، پارێزگارى ههڵهبجه به ئامادهبوونى جێگرانی پارێزگار لەگەڵ قائیمقامی هەڵەبجە، سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرانی ناحیەكانی بیارە، خورماڵ، سیروان و بەمۆ کۆبووەوە و تێیدا دەربارەی ئاساییكردنەوەی دەوامی فەرمی لە دامەزراوەكانی حكومەت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە گفتوگۆ كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا کە گشتاندنێک بۆ سەرجەم دامەزراوەکان سوپاسی سەرجەم فەرمانبەران و كارمەندانی دامەرزاوەكانی حكومەت بکرێت لە ماوەی قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچەدا نەیانهێشتووە مامەڵەی هاووڵاتیان و دەوامی فەرمی دامەزراوەكان بوەستێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوەكرا پاش ڕێککەوتنى حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر دابینكردنی مافەكانی فەرمانبەران و دابینكردنی مووچە، هەموو پشتگیری و پالپشتیەكی مافەكانی فەرمانبەران دەكەن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا دەوامی فەرمی لە دامەزراوەکانى حکومەت لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە ئاسایی بکرێتەوە و ئەو دەسەڵاتەش بدرێتە بەرپرسی یەكە کارگێرییەکان و بەرێوەبەرانی ناحیەكان بۆ جیبەجێكردنی.