وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ خەرج كردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و تەوتین كردن لە بانكە فیدڕاڵییەكان جێبەجێ دەكەین.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، كە ئێستا لە ئەمریكایە لەچوارچێوەی سەردانی شاندی عێراق بە سەرۆكایەتی سودانی لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی (ڕووداو) وتی، “بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی مووچە و تەوتینی مووچە پەیوەستە بۆ هەموو لایەک و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە دروستی جێبەجێ دەکرێت”.
ڕاشیگەیاند، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ دەكەین و ماف و شایستە داراییەكانیان پارێزراو دەبێت.
ئاشكراشی كرد، بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بۆ بەبانكیی كردنی مووچە ئەركێكی دەستوورییە و دەبێت جێبەجێ بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، خەڵكی هەرێمی كوردستان لە نیازی باشی سەرۆك وەزیران بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان تێدەگەن.
وتیشی، “لەبارەی مووچە و پرسەكانی دیكە لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە”.
جەختیشی كردەوە، حکومەتی فیدراڵی جیاوازی لەنێوان هیچ هاووڵاتییەک لە کوردستان، نێوەڕاست و باشووری عێراق ناکات، هەموویان هاووڵاتیی عێراقین و ئەوەی بتوانێت بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچە، دەیکات.