وەزارەتی بازرگانی عێراق دەستی بە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لە بەشێكی شارەكانی عێراق كرد و نرخی هەر تۆنێك بە 850 هەزار دینار لە جوتیاران دەكڕدرێتەوە.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەچوارچێوەی بەبازاڕكردنی بەرهەمی دانەوێڵەی جوتیاراندا، بۆ ئەمساڵ هەر تۆنێك گەنم بە 850 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت.
کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە 14ی نیسان، یەکەمین بڕی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی ناوخۆ لە ناوەندەکانی بەبازاڕکردنی ناسڕیە و بەسڕە و نەجەف وەرگیراوە.
ڕاشیگەیاندووە، هەموو شارەکانی ناوەند و باشووری عێراق ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ وەرگرتنی هەموو بڕی بەرهەمی گەنم بەپێی پلانی بەبازاڕکردن، کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئامادەکراوە و هەوڵی زۆریان داوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی بەبازاڕکردنی ئەمساڵ.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ڕۆژێکدا ٢٤ کاتژمێری تەواو کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی دەکەوێتە سەر ناوەندەکانی بەبازاڕکردن و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی، کە دەبنە رێگر لەبەردەم پڕۆسەی بەبازاڕکردندا.