لە یادی 36 ساڵەی ئەنفالدا، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتی ئەنفال کردەوەی جەرگبڕی بەخۆیەوە بینی، لە ئاوارەکردنی زۆرەملێ و کوشتن و پەکخستنی 50-100 هەزار كەسەوە تا وێرانکردنی 4000 گوندی کوردستان.
لۆرد تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەڵمەتی ئەنفال لاپەڕەیەکی تاریکی مێژووە و لە نێوان ساڵانی 1986 بۆ 1989 تاوانێکی مەزن دەرهەق نەتەوەی کورد و پێکهاتە کەمینەییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا کراوە.
ڕاشیگەیاندووە، “هەڵمەتی ئەنفال کردەوەی جەرگبڕی بەخۆیەوە بینی، لە ئاوارەکردنی زۆرەملێ و کوشتن و پەکخستنی 50-100 هەزار تاکەوە تا وێرانکردنی 4000 گوندی کورد. لە قێزەونترین ئەو کردەوەی کە لەم هەڵمەتەدا کرا، کیمیابارانی هەڵەبجە بوو لە ساڵی 1988، بە چەکی کیمیاوی لە لایەن ڕژێمەکەی سەددام حوسێنەوە بێڕەحمانە شاری هەڵەبجە بۆردومان کرا و هەزاران کوردی بێتاوانی تێدا بوونە قوربانی”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “ڕۆژی 16ی ئازاری 2024، ستافەکەمان لە کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر سەردانی هەڵەبجەیان کرد بۆ ڕێزگرتن لەو قوربانیانەی، کە لە کاتی کیمیابارانی 1988دا کۆمەڵکوژ کران – ئەمەش بێ ئابڕووترین کردەوەی سەددام حوسێن بوو دژ بە گەلی کورد کاتێ چەکی کیمیاوی دژ بە خەلکی بێتاوان بەکارهێنا.”
لۆرد ئەحمەد هاوسۆزیی خۆی بۆ قوربانییەکان و خێزانەکانیان دەربڕی لەگەڵ ئەو ئازارە بەردەوامەی هەیانە و نزا و هاوسۆزی خۆی بۆدەربڕین و دەڵێت: دەبێت ڕێز بنرێت لە یادی ونبووەکان و هاوسۆزیی لەگەڵ ڕزگاربووانی تاوانەکانی ئەنفال.
وتیشی، “، بەریتانیا پابەند دەبێت بۆ پشتیوانیی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی لە هەرێمی کوردستان و وڵاتەكەی خۆی تەرخان دەکات بۆ وەستان شانبەشانی گەلی کورد لە پێناو داهاتوویەکی باشتر”.