قوربانیانی شەپۆلی بەفرەكەی ئەمریكا گەیشتنە 48 كەس



 

ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی شەپۆلی بەفرەكەی ئەمریكاوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٤٨ كەس بەرزبووەوە.

ئاستی بەفر لە مەترێك لایداوە و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە شارەكە قەدەغە كراوە.

ئەمریكییەكان لە ترسی بارینی بەفری زۆر و بۆ ماوەی درێژخایەن، كەرەستە خۆراكییە سەرەتاییەكانیان لە ماركێتەكاندا نەهێشتووە و رەفەكانی ماركێتەكان بە بەتاڵی ماونەتەوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە لۆكاڵییەكان، لە سوپەرماركێتێكی شارەكە تاڵانی روویداوە.

ژمارەیەك لە دانیشتوانی شاری بوفاڵۆ كە بەهۆی زریانی بەفرەوە گیریان خواردبوو، ئاهەنگی جەژنی كریسمسیان لە باڵەخانەكانی فەرمانگەی ئاگركوژێنەوەدا گێڕا.

بەهۆی زریانەكەوە، ملیۆنەها كەس لە ئەمریكا بێ كارەبا بوون. لە راگەیەندراوێكدا كاربەدەست لە ناوچەی ئێری كاونتی سەر بە نیویۆرك، مارك پۆڵۆنكارز ئاشكرایكردووە، لەسەدا ٩٤ی ئەو خانوو و شوێنانەی كار كە كارەبایان بڕابوو، تەزووی كارەبایان پێ گەیەندراوەتەوە، بەڵام هێشتا ١٢ هەزار ماڵ و شوێنی كار بێ كارەبان.

مارك پۆڵۆنكارز وێڕای ئاماژەدان بەوەی پێشبینی دەكەن نزیكەی ٢٠ سانتیمەتر بەفر لەماوەی ئەمڕۆدا ببارێت، وتیشی: “ئەمە دۆخێكی ترسناكە. بارینی ئەو بەفرە باش نەبوو چونكە هێشتا لە هەوڵداین كۆڵانەكان پاك بكەینەوە و بیانكەینەوە و دەستمان بگات بەو شوێنانەی كە پاكنەكراونەتەوە و بەفرەكەیان نەماڵراوە”.

ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی زریانی بەفرەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٤٨ كەس
ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی زریانی بەفرەوە لە ئێری كاونتی گیانیان لەدەستداوە لە ماوەی یەك رۆژدا لە ١٣ كەسەوە بۆ ٢٧ كەس بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەش كە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە سەرانسەری ئەمریكا كۆیكردوونەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی زریانی بەفرەوە لە نیویۆرك گیانیان لەدەستداوە بۆ ٢٧ كەس، لە ئۆهایۆ بۆ ١٠ كەس بەرزبووەوە، سێ كەسیش لە هەریەك لە كانساس و كێنتاكی، لە كۆڵۆرادۆ دوو كەس و یەك كەس لە هەریەك لە میزوری و تێنیسی و ویسكۆنسن، گیانیان لەدەستداوە كە كۆی گشتییان دەكاتە ٤٨ كەس.

لە لایەكی دیكەوە، بەپێی زانیارییەكانی تەلەڤیزیۆنی NBCی ئەمریكی، ٥٥ كەس لە ویلایەتەكانی كۆڵۆرادۆ، ئیڵینۆی، كانساس، كێنتاكی، میشیگن، میزوری، نێبراسكا، نیویۆرك، ئۆهایۆ، ئۆكڵاهۆما، تێنیسی و ویسكۆنسن گیانیان لەدەستداوە.

“زریانی كوشندەی بەفر” كە لە دەریاچە گەورەكانەوە لە كەنەدا تا ریۆ گراندێ لەسەر سنووری مەكسیكی گرتووەتەوە، كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر ژیانی لەسەدا ٦٠ی دانیشتووانی ئەمریكا.

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی (FlightAware) بۆ بەدواداچوونی گەشتەكان، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا نزیكەی ١٣ هەزار گەشت لە ئەمریكا هەڵوەشێنراونەتەوە.

 

هێرشبەرەكەی پاریس برایە دادگا
پێت هێرشبەرەكەی پاریس برایە دادگا
سوودە تەندروستییەكانی نۆكاو
دوات سوودە تەندروستییەكانی نۆكاو
پەیوەنیدر