سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران لە ساڵیادی ئەنفالدا داوای قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان دەکەن و سەرۆکی یەکێتیش دەڵێت، ناکرێت بە هۆی بەرژەوەندی حزبی و کەسییەوە ئامانجە باڵاکان بکەینە قوربانیی ململانێیەکی ناڕەوا و ناپێویست.
ئەمڕۆ 36 ساڵ بەسەر یادی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی بەعسدا تێپەڕ دەبێت کە تێیدا 182 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بێسەروشوێن کران.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئه‌مڕۆ يادى خهمگينى سى و شه‌ش ساڵه‌ى هه‌ڵمه‌ته به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال و زياتر له ١٨٢ هه‌زار منداڵ و ئافره‌ت و پياو و گه‌نجى ئهنفالكراوى كوردستان دهكهينهوه كه له يه‌كێك له سامناكترين تاوان و جينۆسايدى مێژوودا ساڵى ١٩٨٨ له‌سه‌ر ده‌ستى ڕ‌ژێمى ئه‌وساى به‌غدا شه‌هيد كران و لێكه‌وته‌كانى تا ئێستا و تا داهاتوويهكى درێژ، به‌رده‌وام ده‌بن. له‌م ياده‌دا به ڕێز و شكۆدارييه‌وه به بيريان ده‌هێنينه‌وه و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين.
له كاتێكدا دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌م تاوانه‌ى به جينۆسايد ناساندووه، داواكاريمان له حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق دووپات دهكهينهوه كه بۆ به‌جێگه‌ياندنى دادوه‌رى، ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قوربانييان له هه‌موو ڕوويهكهوه و قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌خت له خزمه‌تكردنى باشترى كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى ئه‌نفالكراوان له هه‌موو بواره‌كاندا دهكهينهوه و هه‌رچى له توانادا بێت، ده‌بێ درێخييان بۆ نه‌كرێت.
كه‌سوكارى ئازيزى ئه‌نفالكراوان دڵنيا دهكهينهوه كه تا كۆتايى له پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى ڕوفاتى شههيداندا و گێڕانهوهيان بۆ باوه‌شى نيشتمان به‌رده‌وام ده‌بين. هه‌روه‌ها جه‌خت له كار و هه‌وڵى ههمهلايهنهمان دهكهينهوه بۆ ئه‌وى تاوانى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش به جينۆسايد بناسرێت و هه‌رگيز تاوانێكى وا له هيچ شوێنێكى جيهان دووباره نه‌بێته‌وه.
له‌م ياده‌دا جه‌خت له تهبايى و پێكهوهييى ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان دهكهينهوه كه مه‌رجى پاراستن و مانه‌وه‌ى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستانه. يادى شه‌هيدان هه‌ميشه به خێر و دروود له گيانى پاكيان، سڵاو له خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و ته‌واوى شههيدانى كوردستان.
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، “مایەی داخە تا ئێستاش کەس و لایەن هەن دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیانە و بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی لە پشتی ئەنجامدانی ئەنفالەوە بوو، نکۆڵی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن”.
ئەمە دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانییە:
ئەمڕۆ یادی تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕ‌ێژ نەبووی جەستەی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە 36 ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجامدا.
ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە و دەبێ هەمیشە ئەو تاوانانە و قوربانییەکانمان لە یاد بێت و نەوەکانمان بزانن کە خەڵکی کوردستان ، چ قوربانییەکی مەزنیان لە پێناو مافە نەتەوەییە ڕەواکانی داوە.
حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا خزمەتکردنی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، لە هەمانکاتدا دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەرک وبەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە.
ئەوەی مایەی داخە تا ئێستاش، کەس و لایەن هەن دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنیانە و بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی لە پشتی ئەنجامدانی ئەنفالەوە بوو، نکۆڵی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن کە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانێکی بێ وێنەی خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون.
لە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادەوەریماندا زیندوون.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/4/14
لە لایەکی دیکەشەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامیکی لە ساڵیادی ئەنفالدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ” میللەتی کورد لە رابردوودا ھەموو جۆرەکانی ئازار و نەھامەتیی چەشتووە، ناکرێت ئەو مێژووە نادیدە بگیرێت و بە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و کەسییەوە درێژە بە سیاسەت بدەین و بەھا و ئامانجە باڵاکان بکەینە قوربانیی ململانێیەکی ناڕەوا و ناپێویست”.
ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتییە:
ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەکی قووڵەوە یادی 36 ساڵەی ئەنفال و جینۆسایدی گەلەکەمان دەکەینەوە، سەری رێزمان بۆ رۆحی پاکی شەھیدان دادەنەوێنین و سڵاوی ورە و خۆڕاگری بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەنێرین.
ئەنفال تاوانێکی لەیادنەکراو و برینێکی قووڵە بە دڵی نیشتمانەوە، مەرامێک بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی میللەتێک کە بانگی ئازادیی دەدا و خەونی بە سەرفرازییەوە دەبینی. ھاوکات پەندێکی مێژووییشە تاوەکو لەو راستییە تێبگەین جیاوازییەکانمان چەند زۆربن، کوردبوونمان پێش ھەمووشتێکە و چارەنووس و مانەوەمان بەندە بە یەکڕیزی و یەکگرتووییمانەوە.
میللەتی کورد لە رابردوودا ھەموو جۆرەکانی ئازار و نەھامەتیی چەشتووە، ناکرێت ئەو مێژووە نادیدە بگیرێت و بە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و کەسییەوە درێژە بە سیاسەت بدەین و بەھا و ئامانجە باڵاکان بکەینە قوربانیی ململانێیەکی ناڕەوا و ناپێویست. بۆیە ھیوادارم ھەموومان کوردانە و بەرپرسیارانە کاربکەین و میللەتە ستەمدیدەکەمان بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ئاڕاستەبکەین، میللەتێک کە ھەموومان قەرزاری گیانفیدایی و قوربانیدانیانین.
دروود بۆ رۆحی شەھیدان و سەربەرزی و سەرفرازیی بۆ کەسوکاری خۆڕاگریان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان