وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم داوا لە گشت ناوەندەكانی خوێندن دەكات، كە ڕاگەیەنراوی دوێنێی پەروەردە سەبارەت بە لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ “بەگرنگ” وەربگرن.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕاگەیەنراوێكی دوێنێی وەزارەتەكەی بڵاوكردۆتەوە و نووسیویەتی، “ئەم ڕاگەیاندراوەی دوێنێی وەزارەتی پەروەردە بەگرنگی وەربگرن، چونکە ئامادەکردنی لیستی مووچە لە ڕێگای داواکاری پەروەردەکانەوە نابێت، بەڵکو لەڕێگای داتای سیستمی ئی – پەروەردەوە دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەو ڕوانگەیەوە، کە ئێستا سیستم کراوەتەوە و لەپاش جەژنیش ڕۆژانی یەک شەممە و دوو شەممە تا کاتژمێر ٦ ی ئێوارە کراوە دەبێت.
دوێنێ دوو شەممە 8ی نیسان، وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، سیستمی ئی پەروەردە لە ئێستادا كارایە بۆ نوێكردنەوەی زانیاری مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو، پێویستە تا ڕۆژی دوو شەممە رێکەوتی (١٥ی ٤ی ٢٠٢٤) ، سەرجەم داتاکان نوێبکرێتەوە و هەر مامۆستایەکی وانەبێژ کە لە سیستم تۆمار نەکراوە یانیش داتای تەواو پڕنەکراوەتەوە ئەوا پێویستە تۆمار بکرێن، بۆیەش لە هەر کەموکوڕیەک بەرپرسیار دەبن<
پەروەردە جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو خۆیان چێکی داتاکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەکارهێنەری سیستم بکەنەوە و ئەم بابەتە بە هەند وەربگرن.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، پاش جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات کە لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بە گرێبەست بوونی (کۆی وانەبێژان) لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت، و داوای تەرخانی دارایی لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت کە هەموو مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان وەک گرێبەستی هەمیشەیی و لەگەڵ هەموو مووچە خۆراندا شایستەی مووچەیان وەربگرن.