پسپۆڕێکی خۆراکی: نابێت لە بەیانی جەژندا بڕێکی زۆر خواردن بخورێت



چوکلێت و شیرینی وەک بەشێک لە دابونەریتی ڕۆژانی جەژن لە سەرجەم ماڵەکان پێشکەش دەکرێت، پسپۆڕێکی خۆراکیش دەڵێت، “بۆئەوەی دووچاری گرفتی تەندروستی نەبنەوە، نابێت بڕێکی زۆری لێبخورێت”.

ڕۆژانی جەژن لە نێو کۆمەڵگە موسڵمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خێزانەکان لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە لە ژەمە سەرەکییەکان چەندین جۆری خواردن ئامادە دەکرێت، هاوکات شیرینی و چوکلێت، لەگەڵ خواردنەوە گازییەکان پێشکەش بە میوانەکان دەکرێت، بەڵام ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە نەکرێت بەشێکی زۆری هاووڵاتییان دووچاری گرفتی تەندروستی دەبنەوە.

ئازاد ئیسماعیل، مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری خۆراک بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، پێویستە خەڵکی لە ڕۆژانی جەژندا بە وریاییەوە مامەڵە بکەن لەگەڵ بڕ و جۆری ئەو خواردنەی کە دەیخۆن، چونکە جەستمان لە پاش ٣٠ ڕۆژ بەڕۆژووبوون پێویستی بە کات هەیە تاکو دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆیی.

ئازاد ئیسماعیل بەم شێوەیە ڕوونیکردەوە، خەڵکی لە ٣٠ ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا لەسەر بەرنامەیەکی خۆراکی ڕاهاتووە کە لە دوو ژەمی خۆراکی پێکدێت، دواتر لە ڕۆژانی جەژندا دەبێتەوە بە سێ ژەم کە (بەیانی، نیوەڕۆ، ئێوارە) لەخۆدەگرێت، پێویستە لەسەر بنەمای هەڕەمی خۆراکی تەندروست بەرنامەڕێژی شێوازی خواردن بکەن لە دیاریکردنی جۆر و بڕی خۆراک لە ڕۆژانی جەژن.

وتیشی، لە ڕۆژانی جەژندا سیستمی ئاسایی خۆراک دەگۆڕێت، هاوکات لە یەکەم بەیانی ڕۆژی جەژندا وەک بەشێک لە دابونەریتی خەڵکی لە کۆمەڵگە موسڵمانەکان خێزانەکان لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و چەندین جۆر خواردن لێدەنرێت، کە دەتوانین بڵێین خواردنی قورسن و تاڕادەیەک تەندروست نین وەک: برنج، مریشک، گۆشت، قەیسی و فاسۆڵیا.

وتیشی، ڕەنگە کەسانێک بڵێن کە مافی خۆمانە پاش مانگێک بەڕۆژووبوون بتوانین بە دڵی خۆمان خواردن بخۆین ئەو بەیانیە، بەڵام بۆئەوەی دووچاری گرفتی تەندروستی نەبینەوە باشترە کە لە پێش کاتژمێر ٨ی بەیانی بخورێت، بڕێکی ئێجگار زۆریشی لێنەخورێت، لەگەڵ ئەوەشدا باشترە لەو ڕۆژەدا ژەمی نیوەڕۆ نەخورێت و ڕاستەوخۆ ژەمی ئێوارە بخورێت.

هاوکات ئەو پسپۆڕی بواری خۆراکە سەبارەت بە کڕینی نوقڵ و چوکلێت بۆ جەژن وتی، شیرینی کاریگەری دەکاتە سەر تەندروستی، لە وڵاتی ئێمەشدا دڵنیایی جۆری لاوازە و قورسە بزانین کە ئەو چوکلێت و شیرینیانەی دەفرۆشرێن تا چ ڕادەیەک جۆرێکی باشن، لەگەڵ ئەوەشدا دوو ڕێنمایی سەرەتایی دەدەم بە هاووڵاتییان بۆئەوەی لە کاتی کڕینی چوکلێت دا بەکاری بهێنن.

ڕوونیکردەوە، دەتوانن چوکلێتێک هەڵبپچڕن و تاقیبکەنەوە، چوکلێت کاتێک لە دەم-دا دەتوێتەوە ئەگەر جۆرێکی باش بێت ئەوا شیرینییەکی ئاسایی هەیە و قورگ ناگرێت، بەڵام ئەگەر بڕی شیرینییەکەی هێندە زۆر بوو کە ناڕەحەتی کردیت و قورگی گرتیت ئەوا ئەو کوالیەتییەکی باشی نییە.

باسی لەوەشکرد، بە گشتی دەتوانین بڵێین شیرینی دوو کێشەی هەیە ئەوانیش بڕەکەی و جۆرەکەیەتی، ئاساییە ئەگەر بە بڕی کەم بخورێت بۆ نموونە یەک پارچە پاقلاوە یاخود برمە و جۆرەکانی دیکە، نەوەک چووینە هەر ماڵێک دانەیەک بخۆین و لە کۆتای ڕۆژەکەدا بڕێکی زۆرمان خواردبێت.

هاوکات مامۆستا ئازاد ئیسماعیل لە ڕێگەی تۆڕی میدیایی خەڵکەوە داوای لە هاووڵاتییان کرد، لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەبارەت بە ڕێنماییەکانی تایبەت بە خۆراک گوێ لە هەموو کەسێک نەگرن، دڵنیابن لەوەی کە ئەو کەسانەی قسە دەکەن شارەزان و پسپۆڕی بوارەکەن، بۆئەوەی دواتر دووچاری کێشە نەبنەوە.

نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە
پێت نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە
ئومێد خۆشناو: دیاریکردنی ژمارەی لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردن کاتییە و ڕاستەقینە نییە
دوات ئومێد خۆشناو: دیاریکردنی ژمارەی لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردن کاتییە و ڕاستەقینە نییە
پەیوەندیدار