وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی مانگی 4 بە پلە بەرزكردنەوەوە ڕەوانەی بەغدا دەكات.
میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویانكردەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری، خەریكی ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی 4 بە پلە بەرزكردنەوەوە، بۆ ئەوەی ڕەوانەی بەغدا بكرێت.
سەرچاوەكە ڕاشیگەیاندووە، “ئەگەر لیستی پلە بەرزكردنەوەكەی فەرمانبەران بۆ مانگی 4 تەواو نەبوو، ئەوكات بۆ مانگی 5 لیستەكە تەواودەكرێت و ڕەوانەی بەغدا دەكرێت”.
دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی و ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق لەماوەی یەك هەفتەدا مووچەی هەردوو مانگی 2 و 3ی مووچەخۆرانی هەرێمی ڕەوانەكرد و دابەشكرا و هەر بەپێی بڕیارەكەی دادگا دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوتای عێراق بكرێت و بەوەش دەبێت پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە.