سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای خانەنشینانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێی ڕاگەیاندوون، كە مووچەی خانەنشینان زیاد دەكرێت.
سەردار ڕواندزی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای خانەنشینانی هەرێم ڕایگەیاندووە، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێی وتین، کەمترین مووچەی خانەنشینی دەکرێتە 500 هەزار دینار.
ئاماژەی بەوەشكرد، كە سەرۆك وەزیرانی جەختی كردۆتەوە، كە خانەنشینان چیتر لەسەر شەقام دانانیشن بە گەرما و بە سەرما بۆ وەرگرتنی مووچە، بەڵكو دەكرێتە كارتی بانكی بۆیان.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە تاوەكو ئێستا هەرێمی كوردستان بە یاسای خانەنشینی 2006 و چەند یاسایەكی دیكەی خانەنشینی كاردەكات، بەڵام عێراق بە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ساڵی 2014 و هەمواركراوی ساڵی 2019 كاردەكات، كە كەمترین مووچەی خانەنشینی بە 500 هەزار دینار دیاری كردووە، ئەمە جگە لە چەندین مافی دیكە بۆ خانەنشینان، بەتایبەت پاداشتی خزمەت، كە لە كاتی خانەنشین بوون لە هەرێم تەنها 6 مووچەی بنەڕەتی دەدرێت، بەڵام لە عێراق 12 مووچەی تەواو دەدرێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەك خانەنشین لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵایان تۆماركرد و دادگا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی هەرێم و جەختی كردەوە لەسەر یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، بەڵام هەرێمی كوردستان كاری بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی نەكرد بەو بیانووەی پارەی نییە بۆ زیادكردنی مووچە، بەڵام لە ئێستادا دوای ڕێككەوتنی هەرێم و عێراق و دابەشكردنی مووچەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بەپێی بڕیاری ئەمساڵی دادگای فیدڕاڵی، جەخت كراوەتەوە لە هاوتاكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و عێراق.