ئەوقافی هەرێم یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری دەكات



وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ، ئێوارەی سبەینێ‌ لیژنەكانی بینینی مانگ چاودێریی بینینی هیلالی مانگی شەوال دەكەن و بڕیار لەبارەی دیاری كردنی جەژنەوە دەدەن.

ئەمڕۆ یەک شەممە، 7ی نیسان، هەریەكە لە دادگای باڵای سعودیە و دیوانی وەقفی سوننی عێراق بە بەیاننامەی فەرمی داوایان لە هاووڵاتیان كرد، ئێوارەی سبەینێ‌ دوو شەممە 8ی نیسان لەكاتی نزیك خۆرئاوابووندا چاودێری بینینی مانگ بكەن و هاوكات ڕاشیانگەیاندووە، لیژنەكانی بینینی مانگیش چاودێری مانگ دەکەن، بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.

لەلایەن خۆشیەوە، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بۆ دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان پشت بە هیچ وڵاتێك نابەستن و ناتوانن پێشبینی بكەن كەی دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژن، چونکە ئەم پرسە پەیوەندیی بە شەریعەتەوە هەیە.

جەختیشی كردەوە، ئێوارەی سبەینێ‌ دوو شەممە لیژنەی بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان چاودێری بینینی هیلالی مانگی شەوال دەكەن بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ و دوای بەربانگ بە فەرمی بڕیاری ئەوقاف ڕادەگەیەنرێت.

ڕاشیگەیاند، “ئەگەر سبەی دوو شەممە، بە بەڵگەوە مانگ بینرا ئەوا ڕۆژی سێ شەممە، 9ی نیسانی 2024 دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان؛ بەڵام ئەگەر بە بەڵگەوە مانگ نەبینرا، ئەوا ڕۆژی چوار شەممە 10ی نیسان دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی حساباتە فەلەكییەكان، ڕەمەزانی ئەمساڵ 30 ڕۆژە و ڕۆژی چوار شەممە 10ی نیسان دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.

كۆمسیۆن مەرجەكانی دامەزراندنی كارمەندانی دەنگدانی ڕاگەیاند
پێت كۆمسیۆن مەرجەكانی دامەزراندنی كارمەندانی دەنگدانی ڕاگەیاند
ئەگەر بانكێكی ئەهلی مایەپووچ ببێت پارەی مووچە دەكەوێتە ئەستۆی كێ‌؟
دوات ئەگەر بانكێكی ئەهلی مایەپووچ ببێت پارەی مووچە دەكەوێتە ئەستۆی كێ‌؟
پەیوەنیدر