کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمڕۆ و سبەینێ شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە کە هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت، ئەوەشی خستەڕوو کە پلەی گەرما دادەبەزێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ئەنجامى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى شەپۆلێکى بارانبارین.
ڕوونیشیکردەوە کە ئاسمانى سەنتەرى پارێزگاکان و ناوچە شاخاویییەکان و تەواوى ناوچە جیاجیاکان هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ باران بارین و هاتنى شەپۆلێکى هەورە تریشقە.
ڕاشیگەیاند، بڕى دابارین لەسەرجەمى ناوچەکەمان مامناوەند دەبێت لە نێوان (5-10) ملم لە سەنتەرى پارێزگاکان و وە (8-15)ملم لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنووریەکان.
کەشناسی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ پێشبینى زیاد بوونى خێراىی با بۆ سەرووى 25کم لە کاتژمێرێکدا و بەهۆى ناجێگیرى کەشوهەواشەوە ئەگەرى لێزمە بارانى لەناکاو هەیە.
سەبارەت بە سبەینێش ڕایگەیاند بارانبارین بەردەوامى دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانى بەرەبەیان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى باکوورى ڕۆژئاواى پارێزگاى هەولێر.
ئاماژەشیدا بەوەی بڕى بارانی پێشبینیکراو لە نێوان (8-14) ملم دەبێت و لە کاتى لێزمە باران و هەورە تریشقەدا ئەم بڕە دەگۆڕێت بۆ سەرووى 15 ملم.
بەڕێووەبەرایەتی کەشناسی ڕوونیکردەوە کە لە دواى نیوەڕۆوە کاریگەرى ئەم باران بارینە درێژدەبێتەوە بۆ سەر سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین و سنوورى پاڕیزگاى سلێمانى و هەڵەبجەو پاشان بۆ سەر سنوورى ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە پارێزگاى کەرکووک.
ڕاشیگەیاند لە ئێوارەى دووشەممەوە تا ڕادەیەک بارانبارین کەم دەبێتەوە زیاتر ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ و سبەینێ پلەی گەرما 4-7 پلە دادەبەزێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەى
هەولێر : 22
سلێمانی: 20
دهۆک: 19
زاخۆ: 23
هەڵەبجە : 23
کەرکووک : 25
سۆران : 20
حاجی ئۆمەران : 12
گەرمیان : 26