ئەمڕۆ مووچەی مانگی ٣ی بەشێک لە مووچەخۆرانی هەڕێم دابەشکرا و بڕیارە پێش جەژن سەرجەم مووچەخۆران مووچە وەربگرن.
لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ یەکەمجارە لە هەرێم لە کەمتر لە ٣٠ ڕۆژدا دوو مووچە دابەشدەکرێت و ئامادەکاری بۆ لیستی مووچەی سێیەم دەکرێت.
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە هاتنی پارە لە بەغداوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ٢ کە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ دواکەوت، دواجار لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی ڕۆژی 30 ئادار دەستی بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ٢ کرد، و بە کەمتر لە هەفتەیەک سەرجەم وەزارەتەکان مووچەیان وەرگرت،
هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێم ئێوارەی پێنجشەممە لیستی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی بڵاوکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق پارەی پێویستی بۆ ئەو لیستانە نارد، کە وردبینی تیاکرد و بڕیارە تا پیش جەژن سەرجەم مووچەخۆران مووچە وەربگرن،
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوکراوەیەکی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق کە تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، لەسەر رێنوێنی سەرۆك وەزیران و رەزامەندیی تەیف سامی، وەزیری دارایی و، پشتبەست بە نووسراوی دادگای باڵای فیدراڵی، دەستیكردووە بە پارەداركردن (تمویل)ی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانیی هەرێمی كوردستان و شایستەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و فەرمانبەرانی گرێبەست و شایستەی فەرمانگەكانی هەرێم.
ئەمە لەکاتێکدایە ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر نەناردنی شایستەکانی هەرێم لەسەر داهاتی ناوخۆ و نەوتی و نا نەوتی و دەروازە سنوورییەکان بەردەوامە، و لە مانگەکانی پێشوودا عێراق داوای سەرجەم ئەو داهاتانەی دەکرد بۆ ناردنی پارە، بەڵام بۆ مووچەی مانگی ئادار، عێراق داوای هیجچکام لەو داهاتانەی نەکردووە و پارەی تەواوی مووچەش بە هێزە ئەمنییەکانەوە ڕەوانە دەکات.
چاودێرانیش پێیان وایە ئەم گۆڕانکارییە و ناردنی پارەیە پەیوەندی بە سەردانەکەی سودانییەوە هەیە بۆ ئەمریکا کە بڕیارە لە مانگی نیسان ئەنجامی بدات، سودانی دەیەوێت پێش ئەو سەردانە گرفتەکان و گرژییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا هێور ببێتەوە و ببێتە دەستکەوتێک تا بە هێزەوە بچێتە کۆشکی سپی.