بەهۆ دابین كردنی پارەی مووچە لەلایەن عێراقەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی داشكردنی مووچەی مانگی 3ی بڵاوكردەوە، كە بە 3 ڕۆژ دابەش دەكرێت، بۆیە بەهۆیی كەمی كاتەكەوە بڕیار دراوە شەوانیش دەرگای بانكەكان كراوەبن بۆ دابەشكردنی مووچە.
بانكی شیلادزێ، لە ئاگادارییەكدا ئاماژەی بەوەكردووە ” ئاگاداری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەردوو ناوچەی دێرەلووك و شیلادزێ دەكەینەوە، كە لە لیستی مووچەی ئەمڕۆ شەممە مووچەیانە لە كاتژمێر8ی شەو بۆ 12ی شەو سەردانی بانك بكەن مووچە دابەش دەكرێت.”
شەوی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی 3ی ڕاگەیاند، بەپێی لیستەكە ئەمڕۆ شەممە بە كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەنشینی شارستانی و سەربازی دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت و تاوەكو ڕۆژی دوو شەممە كۆتایی دێت.
شۆخان عومەر بەڕێوەبەری بانكی مەڵكەندی لە سلێمانی ڕایگەیاندووە، دەوامی ئێمە ڕۆژانە دوو شەفتە و بۆ ئەو ڕۆژانەی مووچەش دابەشدەكرێت فەرمانبەرانمان دەمێننەوە و مووچە دابەشدەكرێت و مووچەخۆران دڵنیادەكەینەوە پارەی پێویست لەبەردەستدایە و هیچ گرفتێك بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ دروست نابێت.
ڕاشیگەیاندووە، “بۆ مووچەی مانگی 3 تاوەكو كاتژمێر1ی شەو دەرگای بانك كراوە دەبێت و هەر كات مووچەخۆر دەیەوێت ئەو کات سەردانمان بكات بۆ وەرگرتنی مووچە”.
بەپێی زانیارییەكان، بەشێكی بانكەكانی هەولێر و سلێمانی بڕیاریانداوە تاوەكو شەو مووچە دابەشكردن بەردەوامی پێ بدەن تاوەكو مووچەخۆران بۆ جەژن مووچەی خۆیان وەربگرن.