جێگری پارێزگاری هەڵەبجە داوای دەستپێکردنەوەی کارکردن لەو پرۆژانەدا دەکات کە لە سنووری پارێزگاکەدا ڕاگیراون و دەڵێت، نزیکەی 200 پرۆژەن.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، ئێستا کە مووچە بەرەو چارەسەر دەڕوات و کێشەی تەواو کردنی مووچە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ نامێنێت و مانگانە داهاتی ناوخۆ نزیکەی ٣٠٠ ملیار دیناریش بێت لەو بڕە ڕێژەیەکی پێویستە دابنرێت بۆ پڕۆژەکان.
وتیشی: “پێویستە ئاوڕێکی جدی لە پڕۆژەکان بدرێتەوە، پڕۆژەکان گەر دەستپێبکەنەوە کە بە پاساوی نەبوون و کەمی نەختینە لە %95 ی زیاتر لە پڕۆژەکان وەستاوە دەبێتە هۆی جووڵەیەکی گەورەی بازاڕ و بوژاندنەوەی ئابوری و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و کەمکردنەوەی فشار لەسەر هاووڵاتییان بەشێوەیەکی گشتی و هیچی کەمتر نابێت لە پێدانی مووچە”.
ئەوەشی خستەڕوو کە نزیکەی 10 ساڵە پڕۆژەکان ڕاگیراون، سەرەڕای گەیاندنی زیانێکی زۆر بە پرۆژەکان و داهاتی گشتی، زیانی گەورەی بە کۆمپانیا و بەڵێندەران گەیاندووە و ژمارەیەکی زۆریان مایەپووچ بوون و لەلایەکی تریش هەزاران کەسی تووشی بێ کاری کردووە.
کاوە عەلی ڕاشیگەیاند، تەنها لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 200 پڕۆژە ڕاوەستاوە و پێویستی بە 256 ملیار دینار هەیە بۆ تەواوکردنیان، ئەگەر لە داهاتی ناوخۆی مانگی دوو و سێ کە کۆکراوەتەوە و خەرج نەکراوە بۆ مووچە، هەفتانە چەند ملیار دینارێک خەرج بکرێت بۆ کۆمپانیاکان سەرجەمیان ئامادەن دەست بە پڕۆژەکان بکەنەوە.
ڕوونیشیکردەوە پڕۆژە وەستاوەکانی پارێزگای هەڵەبجە بەم شێوەیەن:
پڕۆژەکانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان 43 پڕۆژە
پڕۆژەکانی بودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکان 54 پڕۆژە
پڕۆژەکانی بودجەی وەبەرھێنان 56 پڕۆژە
پڕۆژەکانی بودجەی ئاسایی و داهات 13 پڕۆژە
پڕۆژەکانی ( وەبەرھێنان و پەرەپێدان و نەوت )بێ گرێبەست 24پڕۆزە
پڕۆژە پێشنیارکراوەکانی پەرەپێدان 2023 ( 10) پڕۆژە.
جێگری پارێگاری هەڵەبجە ڕاشیگەیاند، ئەگەر بە تێکڕا بۆ هەر پڕۆژەیەک 30 کرێکار و شۆفێر و ئەندازیار کار بکەن، ئەوا ئەو 200 پرۆژەیەی هەڵەبجە نزیکەی شەش هەزار هەلی کار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەڕەخسێتەوە و هەزارانی تریش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لێی سوودمەند دەبن.
کاوە عەلی وتیشی: “چاوەڕێی ئەوەین پشویەک بە هاوڵاتیان بدرێت و لەو پەستانەی لەسەریان دروست بووە سووک بکرێت (بە پێدانی مووچە لەکاتی خۆیدا و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان و خەرج کردنی شایستەی دارایی کۆمپانیاکان و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان).