بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی ڕووداو، کەلەسەرچاوەیەکی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پێی گەیشتووە، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق رێکەوتن و گەڕانەوە هەولێر. رێککەوتنەکە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
– مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
– بەپێی رێککەوتنەکە تا ئەو کاتەی پرسی تەوتین و بە دیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە بەغدا بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
– لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەش ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، مانگانە لە رێگەی کۆدی بایۆمەترییەوە مووچەکانیان خەرج دەکرێت بەهەمان ئەو میکانیزمەی مووچەی مانگی دووی پێ خەرجکرا.
– سەبارەت بە ناردنی مووچەی مانگی سێ، وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنی بە شاندەکە داوە، بەر لە جەژن وردبینی لیستی فەرمانبەران تەواو دەکەن و مووچەکانیان خەرج دەکەن.
هاوکات حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوەی گرنگ و سەرکەوتوو لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجەو مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان کۆتاییان بەسەردانەکەیان بۆ بەغداد هێناو گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.