وەزیری بەرگری توركیا خلوسی ئاكار دەڵێت “توركیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ڕووسیادا سەبارەت بە بەكارهێنانی ئاسمانی سوریا لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆندا دژی هێزە كوردییەكانی سوریا ‘ یەپەگە ‘.
توركیا پێشتر چەندین جار هێرشی كردووەتە سەر هێزە كوردییەكانی باكووری سوریا و چەند مانگێكە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشێكی نوێ دەكات.
توركیا ئامادەكارییەكانی زیاتر كرد دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو بۆمبێك لە ئەستەنبوڵ تەقییەوە و هێزە كوردییەكانی تۆمەتبار كرد.
پارتی كرێكارانی كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانییان لێدەكرێت، ڕەتیان كردەوە دەستیان هەبووبێت لە تەقینەوەكەی ئەستەنبوڵدا.
توركیا لە مانگی یانزەدا هێرشی ئاسمانی كردە سەر ئامانجەكانی یەپەگە و ئەردۆغانیش ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێكی زەمینی داوە.
ڕۆژی شەممە ئاكار وتی ئەنقەرە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەكە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ مۆسكۆدا كە پشتیوانی لە هێزەكانی سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد دەكات.
وتیشی ” لە گفتوگۆداین لەگەڵ ڕووسیادا سەبارەت بە سەرجەم پرسەكان، لەوانەش كردنەوەی ئاسمانی ناوچەكە.”
پشتیوانیكردنی ئەمەریكا لە یەپەگە لە شەڕی دژ بە داعشدا ئەنقەرەی توڕە كردووە، ئەوەش بووەتە هۆی خاڵێكی ناكۆكی لە نێوان دوو وڵاتەكەدا.