دوێنێ دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەردۆغان تیایدا شکستی هێنا و ئەنجامەکان بۆ تورکیا دەبێتە خاڵی گۆڕانکاری سیاسی.
ئۆپۆزسیۆنی تورکیا- جەهەپە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا شکستی بە پارتەکەی ئەردۆغان-ئاکپارتی هێنا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو وەک “ڕکابەری سەرەکی” سەرۆک کۆماری تورکیا دەردەکەوێت.
دوێنێ یەکشەممە، لە هەڵبژاردنەکاندا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکەپە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییە سەرتاسەرییەکاندا شکستی هێنا، بەمەەش پارتی ئۆپۆزسیۆن-جەهەپە وەک هێزێکی سیاسی دەمێنێتەوە و پێگەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵی وەک گرنگترین ڕکابەری داهاتووی سەرۆک کۆمار بەهێزتر کرد.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کاندیدی پارتی کۆماری گەل- جەهەپە، کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا، سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی لە گەورەترین شاری تورکیا ڕاگەیاند و دوای ئەوەی ٪٩٦ی کارتەکانی دەنگەکان جیاکرانەوە وتی کە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.
ئەم ئەنجامە دوای زیاتر لە دوو دەیە لە دەسەڵات بە خراپترین شکست بۆ ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان وەسف دەکرێت، بە ئاماژەیەک دادەنرێت بۆ گۆڕانکاری سیاسی لە تورکیا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا شەوی ڕابردوو باسی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کرد و ڕایگەیاند، ٣١ی ئادار بۆ ئێمە کۆتایی نییە و، لە ڕاستییدا خاڵێکی وەرچەرخانە.
هاوکات درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو وتی، “ئەوانەی لە پەیامی گەل تێناگەن، لە کۆتاییدا دەدۆڕێن”، بەشێک لە لایەنگرانی دروشمیان بەرزدەکردەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەردۆغانیان کرد.
کاندیدی پارتی گەلی کۆماری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەنقەرەدا سەرکەوت، جگە لەوەی ئەو پارتە توانی نۆ کورسی تری سەرۆکایەتی شارەوانی لە شارە گەورەکانی سەرتاسەری وڵات بەدەستبهێنێت.
شرۆڤەکاران ڕایانگەیاندووە، بەپێی ئەو ڕاپرسییانەی کە ئەنجامدراوە ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان کە زیاتر لە دوو دەیە حوکمڕانی تورکیای کردووە، خراپتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان، بەهۆی بەرزی ڕێژەی هەڵاوسان و ناڕازیبوونی دەنگدەرانی ئیسلامی، هەر بۆیە ناڕازی بوونی خەڵکی تورکیا سوودی بە ئیمامئۆغلۆ گەیاند و توانی دەنگی بەشی زۆری دەنگدەران بەدەستبهێنێت.
ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ دەبێتە ڕکابەری ئەردۆغان؟
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، تەمەنی 53 ساڵە و لە پێشتردا بازرگان بووە و لە ساڵی 2008 هاتووەتە ناو سیاسەتەوە و ئێستا لەلایەن شرۆڤەکارانەوە بە پاڵێوراوێکی سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دادەنرێت.
شەوی ڕابردوو لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، هەزاران کەس کۆبوونەوە و ئاڵای پارتی گەلی کۆمارییان بەرزکردبووەوە، چاوەڕێی وتارێکی سەرۆکی شارەوانی مەنسور یاڤاش بوون، کە گورزێکی دیکەی دا لە ئەردۆغان و ڕکابەرەکەی لە پارتی داد و گەشەپێدان.
ئاژانسی ئەنادۆڵ، کە زمانحاڵی فەرمیی حکومەتی تورکیایە دوای ژماردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان ئەنجامە فەرمییەکانی بڵاوکردەوە، دەرکەوت پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانە سەرەکییەکەی لە ١٠ شاری گەورەدا پۆستی سەرۆک شارەوانییان لەدەستداوە.
ئەنجامەکان دەریانخست کە پارتی گەلی کۆماریخواز بە نزیکەی ٪١ی دەنگەکان پێشەنگی سەرتاسەری وڵاتەکەی گرتووە، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی ٣٥ ساڵدا ئەم ئەنجامە بەدەستبهێنێت.
مێرت ئارسلانالپ، یاریدەدەری مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بۆگازیچی لە ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، ئەمە توندترین شکستی هەڵبژاردنە بۆ ئەردۆغان لەو کاتەوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا هاتووەتە سەر دەسەڵات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئیمامئۆغڵو دەکاتە بەتواناترین ڕکابەری سیاسی ڕژێمی ئەردۆغان لەسەر ئاستی نیشتمانی.
گروپەکانی پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لەبەردەم بینای شارەوانی ئیستەنبوڵ ڕایانگەیاند، دەیانەوێت لە داهاتوودا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا بەرامبەر ئەردۆغان خۆی کاندید بکات.
هۆکاری شکستی ئەردۆغان چییە؟
ساڵی ڕابردوو سەرۆک کۆمار بۆ خولێکی دیکەش دەسەڵاتی گرتەدەست، وێڕای ئەوەی هاووڵاتییانی تورکیا بە قەیرانی سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕن.
شرۆڤەکاران ڕایانگەیاندووە، هۆکاری دوودڵی دەنگدەران بۆ پاڵپشتیکردنی پارتی داد و گەشەپێدان ئەمجارە دەگەڕێتەوە بۆ فشارە ئابوورییەکان کە لە ئەنجامی بەرزی ڕێژەی هەڵاوسانەوە هاتووەتە ئاراوە، کە گەیشتووەتە نزیکەی ٪٧٠، هەروەها خاوبوونەوەی گەشەسەندن بەهۆی سیاسەتی توندکردنەوەی دراوەوە.
کورد لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا؟
ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی لەمیانەی كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەنجامەكان بۆ ئێمە دڵخۆشكەرن، وردە وردە نزیك دەبێنەوە لە كۆتایی و ئەنجامێكی باشمان بەدەستهێناوە، لە زۆرینەی پارێزگاكانی باكووری كوردستان لە پێشێن.
وتەبێژی دەم پارتی، وتیشی، هەوڵدەدرێت دەنگ و ئیرادەی خەڵکمان بدزن، هەر چەندە لە زۆرێک لە شوێنەکان دەنگەکانمان دزراون، بەڵام ئیرادەی خەڵکی لە سندوقەکان دایە و دەردەکەون و دەژمێردرێن، ئەوەی دەنگی بە ئێمە داوە سوپاسی دەکەین.
جەختی لەوەشکردەوە، من لە پێشووشدا رامگەیاندووە کە قەیومەکان نامێنن، وردە وردە وا فێڵبازەکانیش نامێنن و بەڵێنی سەرکەوتنی سەرتاسەری دەدەین.
ئامارە فەرمییەکان چی دەڵێن؟
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان کە بڵاوکراوەتەوە، ڕێژەی بەشداریی لە ٪٧٨.٥٣ بووە و تاوەکو ئێستا لە کۆی گشتیی سندوقەکانی دەنگدان، ٪٩٩.٨٢ی کراونەتەوە و دەنگەکانی جیاکراونەتەوە.
ئەنجامە بەراییە نافەرمییەکان دەریدەخەن، پارتی کۆماریی گەل-جەهەپە ٪٣٧.٧٤ی کۆی گشتیی دەنگەکانی تورکیای بردووە و بووەتە پارتی ژمارە یەک لەسەر ئاستی وڵاتەکە، بەدوای ئەویشدا پارتی داد و گەشەپێدان-ئاک پارتی ٪٣٥.٤٩ بووەتە دووەم، پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان-پارتی دەم لە پلەی چوارەمدایە کە ٪٥.٦٨ی دەنگەکانی بردووە
بەوپێیە، ١٣٢٦ شارەوانییەکانی تورکیا بەمشێوەیە بەسەر پارتەکاندا دابەشبوون، جەهەپە ٤٢٠ شارەوانی و بەراورد بە هەڵبژاردنی ڕابردوو ١٥٧ شارەوانی زیادکردووە، ئاکپارتی ٥٠٥ شارەوانی و بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو ٢٧١ شارەوانی لەدەستداوە، سەرلەنوێ رەفاح ٦٠ شارەوانی، پارتی دەم ٨٢، مەهەپە ١٨٤، ئیی پارتی ٢٩، یەکێتیی مەزن ٢١ و پارتەکانی دیکە ٢٥ شارەوانییان بردووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارە ئاکپارتی لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٢٠١٩ ڕێژەی ٪٤٤.٣٣ی دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام دەنگەکانی لەم هەڵبژاردنەدا بە ڕێژەی نزیکەی ٪٩ دابەزیوە، جەهەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩دا ڕێژەی ٪٣٠.١٣ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەکانی بە ڕێژەی ٪٧ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٪٣٧.٧٤ هاوکات پارتی دەم، کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ بە ناوی هەدەپە بەشداریی کردبوو، ٪٤.٢٤ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەی ٪٥.٦ی دەنگی بەدەستهێناوە و ژمارەی شارەوانییەکانی لە ٦٥ەوە گەیاندووەتە ٨٢ شارەوانی.
دەنگەکانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی -مەهەپە، هاوپەیمانیی ئاکپارتی لەنێو هاوپەیمانیی جمهوردا کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا ٪٧.٣١ بوو، دابەزیوە بۆ ٪٤.٩٨ و شارەوانییەکانیشی لە ٢٤٥ەوە دابەزیوە بۆ ١٨٤ شارەوانیی و لەم هەڵبژاردنەدا ٦١ شارەوانیی لەدەستداوە.