دوای دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، بایکۆتی فەرمانگەکانی سلێمانی کۆتایی هات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەوام لەو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگانەی سنووری پارێزگای سلێمانی ئاسایی بووەوە کە دوو هەفتە لەمەوبەر بە هۆی دواکەوتنی مووچەوە ڕاگیرابوو.
دەستپێکردنەوەی دەوام دوای ئەوە هات کە حکومەتی هەرێم دەستی بە دابەشکردنی ئەو مووچەیە کرد کە زیاتر لە 20 ڕۆژ بوو بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ڕەوانە کردبوو.
هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی لە پێش هەمووشیانەوە هاتووچۆ ڕایگەیاند، لەمڕۆوە کۆتایی بە بایکۆت دەهێنن و دەست بە دەوام دەکەنەوە.
لە دوێنێوە دەستکراوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و بە پێی خشتەکەی وەزارەتی دارایی، تا پێنجشەممەی داهاتوو مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان دابەش دەکرێت.