ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە ڕێژەی فەرمانبەران لە ئاستی ستانداردی جیهانی زیاترە و ئەوەش بێ پلانییە و دەشڵێت: “بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لەنێوان فەرمانبەران، پلەبەندی مووچە هەموار دەكرێتەوە و مووچە كەمەكان زیاد دەكرێن”.
محەمەد صاحب دەڕاجی، ڕاوێژكاری هونەری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ (سۆمەریە نیوز) ڕایگەیاندووە، پارەدانی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی ئازادکردنی ئەو بارستە نەختینەیەی، کە لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەڵدەگیرێت لەڕێگەی مامەڵەی فرۆشتن لە نێوان هاووڵاتیاندا، دەکرێت کۆمپانیای وەرگرتن دابمەزرێنرێت بۆ بەشداریکردنی هاووڵاتیان، بەڵام پێویستمان بە بیمەیە بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژانە سەرکەوتوو بن.
ڕاشیگەیاندووە، ئەمەریکا کە ژمارەی دانیشتووانی 300 ملیۆن کەسە، 3 ملیۆن فەرمانبەری هەیە، عێراقیش 8 ملیۆن کارمەندی هەیە، ئەمەش دەرئەنجامی پلاندانانی خراپە، ئەمەش وایکردووە ئابووری عێراق سنووردار بێت.
ڕوونیشیکردەوە، “پێویستە دەستکاری پلەبەندی مووچە بکرێت، حکومەتیش جدییە لە گۆڕینی بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی مووچەی فەرمانبەران لەنێوان وەزارەتەكان و بەدیهێنانی دادپەروەری”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “گۆڕینی پلەبەندی مووچە بە بەرزکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران دەبێت نەك كەم كردنەوەی مووچە بەرزەكان و بەهیچ شێوەیەك مووچەی كەس كەم ناكرێتەوە”.
ماوەی دوو ساڵە حكومەتی عێراق لە هەوڵی هەمواركردنەوەی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران و لیژنەیەكی هاوبەشی لە (ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان) بۆ داناوە و ڕاپۆرتی كۆتایی لیژنەكە دراوەتە سەرۆك وەزیران و دوای پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەنێردرێتە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری.