خانەنشینانی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن مووچەکانیان هاوتای خانەنشینانی عێراق بکرێت و خۆیان سەرپشک بن لەوەی لە ڕێگەی چ بانکێکەوە مووچەکانیان لە داهاتوو دابەش بکرێت و دەشڵێن: “بڕیاری هاوتاکردنی مووچە لە دادگای فیدڕاڵییەوە دەرچوە و دەبێت هەمو لایەنێک پێوەی پابەند بێت”.
نوێنەری خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، خانەنشینانی عێراق مووچەی مانگی (4) وەردەگرن و دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان، بەڵام خانەنشینانی هەرێم مووچەی مانگی (2) وەردەگرن، بۆیە دەبێت مووچەكانمان هاوتای عێراق بكرێت و چی دیكە دوانەكەوێت.
ڕاشیانگەیاند، بڕوایان بەوە نییە کێشەی سیاسی لەسەر هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان هەبێت، چونکە بڕیاری هاوتاکردنی مووچە لە دادگای فیدڕاڵییەوە دەرچووە و دەبێت هەموو لایەنێک پێوەی پابەند بێت.
ئاماژەیان بەوەشكرد، دەبێت خانەنشینان سەرپشک بن لەوەی مووچەکانیان لە ڕێگەی هەژماری من یان لە رێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە دابەش بکرێت، ئەوەش ئاشکرایە بەهۆی بانکە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستانەوە پارەی دانراوی چەندین کەس فەوتاوە.
خانەنشینان جەختیش دەكەنەوە، لە ئەگەری دواکەوتنی مووچەی خانەنشیان، داوا لە خانەنشینانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەکەن، بە تایبەتی خانەنشینانی شاری هەولێر هەڵوێستیان هاوشێوەی ئەوان بێت و دژی دواکەوتنی مووچەکانیان گردببنەوە و ناڕەزایی دەببڕن.