پسپۆڕێكی دارایی و بانکی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی پابەند دەبێت بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگەکانی داهاتوو بدات بە كاش یان كارتی بانكی و دەشڵێت: بەغدا بڕێك پارەی دیكە بۆ مووچەی مانگی 2 ڕەوانە دەكات”.
دکتۆر زیا موحسین، پسپۆڕی دارایی و بانکی عێراقی ڕایگەیاندووە، “بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمگەیشتووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی یەک شەممە گوژمەیەکی دیکەی پارە بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات بۆ مانگی شوبات و هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکانی تەواوکردووە بۆناردنی، کەبڕەکەی وەک پێمگەیشتووە زیاترە لە 250 ملیار دینار”.
ڕاشیگەیاندووە، “وەزارەتی دارایی پابەند دەبێت بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگەکانی داهاتوو بدات، جا لە ڕێگەی کارتی زیرەکەوە بێت یان لە ڕێگەی پارەدانی ڕاستەوخۆوە، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی مەرجی ئەوەیە مووچە دوا نەخرێت”.
موحسین باسی لەوەشکردووە “وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی رێوشوێنەکانی رێکخستنی کارتی زیرەکه بۆ فەرمانبەرانی هەرێم”.