سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق “دڵنیایی” دەداتە فەرمانبەران لەبارەی پارەی مووچە و ئەندامێكی كوردی لیژنەكەش دەڵێت: دیوانی چاودێریی دارایی عێراق وردبینی لە كۆدی وەزیفی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان دەكات.
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، خشتەكانی بودجەی 2024 تەواو بوون و بەم زووانە دەگەنە پەرلەمان بۆ گفتوگۆ و پەسەند كردنیان.
ڕاشیگەیاندووە، لە بودجەی ئەمساڵدا هیچ كێشەیەك بۆ مووچە نابێت و تەواوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی زامن كراوە.
دەشڵێت: “دڵنیایی دەدەینە فەرمانبەران، كە هیچ كێشەیەكی دارایی لە عێراقدا بوونی نییە”.
لای خۆشیەوە، د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لەبری لیستی ناو، کۆدی وەزیفییان نێردراوە بۆ بەغدا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای تەواوبوونی وردبینی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.