لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی 2023، پشووی پەرلەمانی عێراق كۆتایی دێت و وەك پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: “یەكەم كاری گرنگی پەرلەمان لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی یاسادانان پەسەند كردنی بودجە دەبێت”.
موعین كازمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (كەناڵی سۆمەریە) ڕایگەیاندووە، پەرلەمان ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕانەوەی دانیشتنەكانی لەدوای پشووەکانی سەرەتای مانگی داهاتوو تاوەكو یاسای بودجەی گشتی بخاتە بەرنامەی كارەكانیەوە.
ڕاشیگەیاند، بودجە یەکێک دەبێت لە كارە یەكەمەكانی پەرلەمان لە کاتێکدا، کە هاووڵاتیان هیوایەکی زۆریان لەسەر ئەو پڕۆژە و کارانە هەیە، کە یاساکە لەخۆی دەگرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، نامانەوێت پێش ڕووداوەكان بكەوین بۆ قسەكردن لەسەر یاسای بودجەی گشتی، چ لە شەقام یان تەنانەت لە هۆڵەکانی پەرلەمان، چونكە هاووڵاتیان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەكەن.
وتیشی، “ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لە وەرزی نوێی یاسادانان گفتوگۆكان لەسەر پڕۆژە یاسای گشتی ساڵی 2023 دەستپێدەكات”.