بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، 25 تیمی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی لەشەوانی سەری ساڵی نوێدا لەحاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن و شوێنی تیمەكانیش بۆ هاووڵاتیان دەخاتەڕوو.
سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ هاتنی سەری ساڵی نوێی زاینی، پلانی پێویستیان داناوە بۆ ئەو بۆنەیە و ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر و لەسەر فەرمانی بەڕێوبەری گشتیش سەرجەم تیمە تەندروستیەكان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئاشكراشیكرد، سێ تیمی تەندروستی ئامادەییان دەبێت لەبەردەم ماجدی مۆڵ و فامیلی مۆڵ و لای باخی گشتی دوو تیمی تەندروستی لێ دەبێت و دوو تیمی تەندروستیش لەبەردەم باخی نالی دەبن و لەشەقامی سالم و سەهۆڵەكەش سێ تیمی تەندروستی دیكەی لێ دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لای شارەوانی سلێمانی دوو تیمی لێ دەبێت و لەسەرچنار دوو تیمی لێدەبێت و هەروەها 11 تیم لەسەنتەری فریاكەوتنی خێرای ژمارە 122 لەخزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن.
باسی لەوەشكرد، كە سەرجەم نەخۆشخانە و بەشی فریاكەوتن لەحاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن و هاووڵاتیان دەتوانن لەكاتی حاڵەتە لەناكاوەكان پەیوەندی بە سەنتەری فریاكەوتنی خێرای ژمارە122 بكەن.