بەرپرسێكی حكومی: پێویستە داهاتی نەوتی و نانەوتی پێكەوە بخرێتەوە خزمەت مووچە و پڕۆژەكان



جێگری بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری ڕایدەگەیەنێت، وەك چۆن لەداهاتی فرۆشتنی نەوتی بەسڕا و كەركوك پارەی مووچە و خزمەتگوزاری بۆ تەواوی پارێزگاكان تەرخان دەكرێت، پێویستە سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتیەكانی هەرێم كۆبكرێنەوە و بەشێكی بۆ مووچە تەرخان بكرێت و بەشێكی تریش بۆ خزمەتگوزاری.

عەلی عەبدولرەحمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاوەكو ساڵی ٢٠١٤ ئەو كاتەی بوودجە لەبەغداد دەهات مووچە لەسەر داهاتی فرۆشتنی نەوتی بەسڕا و كەركوك دەدرا بەبێ هیچ كێشەیەك، چونكە بەشێكی پارەكە بۆ مووچەی هەموو عیراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە دابین دەكرا، بەڵام دوای نەناردنی بوودجە بۆ هەرێمی كوردستان بەپێی ڕێككەوتنی هەولێر و سلێمانی لەسەر بنچینەی ٤٧٪ بە ٥٣٪ لەفرۆشتنی نەوتی هەرێم و داهاتی ناوخۆ بەكاربهێنن.

وتیشی، “هەندێك جار لەسلێمانی تووشی كەمی نەختینە دەبووینەوە، چونكە داهاتی سلێمانی بەراورد بەهەولێر كە زۆرترین چالاكی كۆمپانیاكانی تێدایە و دهۆك بەهۆی گومركی ئیبراهیم خەلیل، كە توركیا بەعیراق دەبەستێتەوە ڕەنگە كەمتر بێت لەچاو گومركی باشماخ و پەروێزخان، بۆیە هەندێك جار گرفت بۆ مووچە درووست بووە.

دەشڵێت: “بەداخەوە ئەگەر عەقڵیەتێك هەبێت پێی وابێت تەواوی داهاتی ئیبراهیم خەلیل بۆ دهۆك خەرج بكرێت، كە لەهیچ حوكمڕانیەك وانیە، چونكە لەعیراق لەسەر نەوتی بەسڕا و كەركوك مووچە و بوودجە بۆ هەموو پارێزگاكان تەرخان دەكرا ئەگەر نەوتیشی نەبێت، بۆیە ئەگەر حوكمڕانی تەندروست دەكەین تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی دەبێ لەوەزارەتی دارایی كۆبكرێتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، لەكاتی كۆكردنەوەی داهات بەشێكی بۆ مووچە تەرخان دەكرێت و بەشێكی تریش بۆ خزمەتگوزرای بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی پێویستیان زیاترە خەرج بكرێت.

ئێران؛ داوا دەكات پۆلیسی فەڕەنسا دان بەخۆدا بگرن لە بەرامبەر خۆپیشاندەرە كوردەكان
پێت ئێران؛ داوا دەكات پۆلیسی فەڕەنسا دان بەخۆدا بگرن لە بەرامبەر خۆپیشاندەرە كوردەكان
تەندروستی سلێمانی خرايە ئامادەباشییەوە و 25 تیمی بڵاوكردەوە
دوات تەندروستی سلێمانی خرايە ئامادەباشییەوە و 25 تیمی بڵاوكردەوە
پەیوەنیدر