جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە بڵاوکراوەیەکدا باس لە زیانەکانی پشتبەستن بە بانکی ئەهلی دەکات بۆ هەژماری بانکی و، دەڵێت”بەپێی ئەزموونی پێشتر ناتوانیت هیچ فشارێک لە بانکە ئەهلییەکان بکەیت بۆ پێدانی شایستەکەت لە هەرێم و عێراق”.
کاوە عەلی کەریم، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە، بە پێی ئەزموونی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان و عێراق زۆر زەحمەتە فشار لە بانکی ئەهلی بکەیت بۆ وەرگرتنی شایستەکانی خۆت، و بە تایبەت لە هەرێم و عێراق زۆر زەحمەتە،
کاوە عەلی چەند ئامار و داتایەکی لەسەر ئەو پرۆژە و بری پارانە بڵاوکردۆتەوە کە بۆ هەڵەبجە و لە بانکە ئەهلییەکانەوە پشتگیر کراون و دەڵێت:
تەنها لەساڵانی 2013 بودجەی 200 ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیا نەوتیەکان دراوە بە حکومەتی هەرێم بۆ هەڵەبجە، بڕێک بودجەی پڕۆژەی پترۆ دۆلار لە بانکە ئەهلیەکان دانرا و دواتر بانکەکە بە بیانووی ئەوەی کە قەرزی لای حکومەتە و حکومەت بۆ مووچە لە بانکەکەی وەرگرتووە دەستی بەسەردا گیرا و نەتوانرا وەرگیرێتەوە.
کاوە لە درێژەی بابەتەکەیدا ڕوونیدەکاتەوە، لە ساڵی 2015 بڕی30 ملیۆن دۆلاری پرۆژەی هەڵەبجە کەلەلایەن کۆمپانیای گازپرۆم درابوو بە وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان بەهەمان شێوە نەدرایەوە بە هەڵەبجە و دەست بەسەر کرا، و هەروەها لە ساڵی ٢٠١٣ کابینەی حەوت بڕی ٣٫٣٧ ملیار دۆلاری لە کۆمپانیا نەوتیەکان وەرگرتوە! و بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە بووە !، بەڵام هەڵەبجە بەچاوی خۆی ئەو بڕەی نەدی و لە پێشنیار مایەوە.
کابینەی هەشت: لە مانگی ٩ ی ٢٠١٥ بڕی سی ملیۆن دۆلاری لە گازپرۆم وەرگرت بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە ، دوای ناردنی ژمارە حسابی بۆ پڕۆژەکان و ناردنی پڕۆژە پێشنیار کراوەکانی هەڵەبجە بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان و بە ئامادەبوونی بەرپرسان لە وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان و گازپرۆم و بەندە ، گازپرۆم لە وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان پێی ڕاگەیاندین کە ئەوان ئەو ٣٠ ملیۆن دۆلارەیان داوەتە وەزارەت بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە و لە ئەستۆی کۆمپانیای گازپرۆم نەماوە.
بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان بۆ ئەو دووبڕەی سەرەوە زۆر کرا و دواجار لە ١٦/٣/٢٠٢١ بە یاداشتێک لە کۆبونەوەی پەرلەمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرجەم سەرۆکی فراکسیۆنەکان و وەزیرە بەشداربووەکان کرا بەڵام سوودی نەبوو.
ئەم بڵاوکراوەیەی کاوە عەلی لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێم فشارەکانی بۆ بەردەوامیدان و چەسپاندنی هەژماری من چڕتر کردۆتەوە، کە ئەم پرۆژەیە لەلایەن چەند بانکێکی ئەهلییەوە پشتیوانی دەکرێت و بەشدارن تێیدا، هاوکات حکومەتی عێراق بۆ تەوتینی مووچە هیچ ئامادە نییە لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە مووچە بدات و سوورە لەسەر ئەوەی لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانییەوە هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران بکاتەوە.