پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە خراپی دۆخی خەڵك و مووچەخۆران و دابەشنەكردنی مووچە پەیامێكی بەپەلەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، تا هەناسەیەك ماوە؛ ئەم كارەساتە؛ چارەسەر بكەن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا بۆ بەرپرسانی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، دەستبەدابەشكردنی مووچە بكەن و هەموو هەوڵێك بۆ دابینكردنی بەشەكانی تری مووچە و بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدەن.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی عیراق؛ بۆمبێكی داراییان خستبێتە ناو كایەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەوا بە دابەشنەكردنی مووچە؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ بۆمبێكی ئابوریی خستۆتە هەر ماڵێكی كوردستانەوە.
دەشڵێت: “ئەگەر ماڵێك پێشمەرگەیەك و مامۆستایەك سەرچاوەی ژیان و بژێوییان بن، ئێستا هەر یەكێكیان نا، هەردووكیان بێداهات و بێدەرەتانن، كایەی گشتیی و خزمەتی گشتیی و بازاڕ وەستاوە”.
پارێزگاری سلێمانی هۆشداری دەدات، “كات؛ چارەسەری ئەم بابەتە ناكات، كونی باكە لە شوێنێكی ترە، تا هەناسەیەك ماوە؛ ئەم كارەساتە؛ چارەسەر بكەن”.