.بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات کە چیتر دابەشکردنی مووچە دوانەخرێت و بەو داهاتەی لەبەردەستی حکومەتی هەرێمدایە دەست بە دابەشکردنی بکرێت
میدیای گۆڕان بڵاویکردەوە کە شاندێکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ، بە مەبەستی گەیاندنی پەیام و ناڕەزایی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی، سەردانی
بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد، لەلایەن عومەر سەید عەلی و باژێروانی سلێمانی و ژوری حکومەت پێشوازییان لێکرا.
دەشڵێت:” شاندەکە پرسی دابەشنەکردنی موچە و ڕەتکردنەوەی هەژماری من و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیان خستەڕو، هەروەک باسیان لە خراپی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم کرد، کە چەندین ساڵە درێژەی هەیە، داواشیان لە بزوتنەوەی گۆڕان کرد، وەک لایەنێکی بەشدار لە حکومەت، پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆران مانگانە و لەکاتی خۆیدا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فیدراڵی”.
هەروەها عومەر سەید عەلی، جەختی کردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، کە چیتر دابەشکردنی مووچە دوانەخرێت و بەو داهاتەی لەبەردەستی حکومەتی هەرێمدایە دەست بە دابەشکردنی بکرێت، سەبارەت بە میکانیزمەکانی تەوتین و هەژماری من جەختی کردەوە، کە پێویستە میکانیزمەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە، نەکرێنە لەمپەر لەبەردەم دابەشکردنی مووچە و بارگرانی زیاتری ژیانی خەڵک و مووچەخۆران.
ڕاشیگەیاند، پشتیوانیی خواستەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانن و هەر جۆرە ڕێکار و فشاری مەدەنین بۆ جێبەجێکردنی داخوازیە ڕەواکانیان.