پارێزگاری سلێمانی داوا لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکات “دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچەو بوجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوەو کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکرد، پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و دابەشنەکردنی مووچە بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات مووچە بە بارمتە نەگیرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر کە ژمارەیەکی زۆری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکەی دەستیان بە بایکۆتکردنی دەوام کردووە داوا لە دەسەڵاتدانی هەرێم دەکات ” دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچەو بوجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوەو کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن”.
دەقی پەیامەکەی پارێزگاری سلێمانی:
(کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە)، بە بارمتەگرتنی خەڵک و خاک و ژیان و کارو بژێویی و مووچەو بودجەی خەڵکی کوردستان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوەندو بە کەمتەرخەمیی و سەرکەشیی و بێباکیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە دەستتوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان و زیادکردنی ئیکۆسایدو ئیکۆنۆمیکساید و بایۆسایدە بۆ پرۆسەی پاکتاوکردنی ڕەسەنترین دانیشتووانی سەر ئەم زەمینەو، لە باربردنی ئارامیی دەرونیی تاک و ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی گشتییە.
چارەسەرنەکردنی کێشەو قەیرانە قوڵەکانی دارایی و ئابوریی لە دە ساڵی ڕابردووداو بە ئێستاشەوە، گەورەترین زیانی بە خەڵکی کوردستان و دامودەزگاکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەیاندووە، پاشەکەوت و لێبڕین و کەمکردنەوەو خەرجنەکردنی مووچە لە ڕۆژژمێری مانگانەی خۆیدا؛ پابەندیی کارگێڕیی ناهێڵێت و بایکۆتی ناچاریی دەهێنێتەکایەوەو ڕاژەو خزمەتگوزارییەکان پەکدەخات و مانایەک بۆ دامەزراوە حکومییەکان ناهێڵێتەوەو زیانی گەورەیش لە کەرتی تایبەت دەدات، پەیوەندیی و متمانەی نەک تەنها خەڵک بە حکومەت ناهێڵێت، بەڵکو پابەندیی و پەیوەندیی و متمانەی فەرمانبەرانیش بە خودی حکومەت لەبەیندەبات، شیرازەی خێزان دەپچڕێنێت و مانا بۆ هیچ شتێک ناهێڵێتەوە.
دەمانووت؛ داهات و دارایی و مووچەو بودجە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکانتان مەکەن؛ نەتانبیست، ئێستا کە تێکەڵتان کردووە؛ دەبێت ئیرادەو توانستی ئەوەتان هەبێت کە بە خێرایی لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەری بکەن.
دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەست بە دابەشکردنی مووچەو بوجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوەو کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن، بۆ ئەوەی مانایەک بۆ حوکمڕانیی و ئاشتیی و ئاسایش و ئابوریی و ئاوەدانیی؛ بگەڕێتەوە.
پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوور لە خواست و ئەجێنداو ململانێی هەموو حیزبەکان؛ دارایی دارای خۆی ڕێکبکاتەوەو، بچێتە بەغداو بچێتە شوێنەکانی ترو شەڕی داوا ڕەواکانی خەڵک بکات و، خۆی لە قوڵکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان؛ دوربخاتەوە.