شیلان عارف، بریكاری وەزارەتی داد ڕایگەیاند، دادگای باڵای فیدڕاڵی لەلایەن دادگای لاهایەوە لە ساڵی 2005 دانپێدانراوە و سوكایەتیكردن بەو دادگایە سوكایەتیكردنە بە هەموو عێراقییەكان.
شیلان عارف باسی لەوەشكردووە، دادگای باڵای فیدڕاڵی دادگایەکی دەستوورییە و بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە وڵات، بەهیچ شێوەیەک تانە لە بڕیارەكانی نادرێت و وەکو خۆی جێبەجێدەکرێت، جگە لەوەش ئەندامێکی کارایە لە دادگای دەستوریی ئیسلامی و ئەندامە لە دادگای دەستووریی عەرەبی کە زۆربەی ووڵاتە عەرەبیەکان ئەندامن تێیدا.
ئاشكراشی كردووە، ناوزڕاندن بە شێوازێکی بینراو و بیستراو بە دادگای فیدڕاڵیی عێراق تاوانە بەپێی ماددەی (433) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ( 111 ) ی ساڵی 1969 و سزای دیاریکراوی هەیە.
جەختیشیكردووەتەوە، لە بڕگەی کۆتایی لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هانی خەڵک دەدات رووبەڕووی ئەو کەسانە ببنەوە و بە خاکفرۆش ناویان دەبات، هەر کردەیەک لە دەرئەنجامی ئەم هاندانە بکەوێتەوە، کەسی هاندەر بەرپرسیار دەبێت بەپێی ماددەی 48 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە( 111) ی ساڵی 1969، تاوانی ئەنجامداوە و سزای یاسایی دیاریکراوی هەیە