وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق رایگەیاند، موسڵمانان لە میانی بەشداریكردنیان لەگەڵ مەسیحییەكان لە رێورەسمی كریسمس كە لە كڵێسای سەیدەت ئەل نەجات لە ناوەڕاستی بەغدا بەڕێوەچوو، پەیامی پێكەوەژیانی ئاشتییانەیان لە عێراق دووپات كردەوە.
لە كڵێسای سەیدەت ئەل نەجات لە ناوچەی كەڕادە ناوەڕاستی بەغدا، بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە مەسیحییەكان، ھەروەھا ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی عێراق و كەسایەتیی موسڵمان، رێورەسمی كریسمس بەڕێوەچوو.
لەمبارەیەوە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، موسڵمانان لە میانی بەشداریكردنیان لەگەڵ مەسیحییەكان لە رێورەسمی كریسمس لە كڵێسای سەیدەت ئەل نەجات پەیامێكیان نارد كە تیایدا پێكەوەژیانی ئاشتییانەیان لە عێراق دووپات كردەوە.
ئیڤان فایەق وتیشی: “عێراق وڵاتی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و رێورەسمی كریسمیس، عێراقییەكان بە خۆشەویستییان بۆ نیشتمان پێكەوە كۆدەكاتەوە”.
لە ساڵی ٢٠١٠دا، چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، ھێرشیان كردە سەر كڵێسای سەیدەت ئەل نەجات ناوەڕاستی بەغدا و لە ئاكامدا، ٥٨ مەسیحی كوژران و ١٠٠ی دیكەیش برینداربوون.
لە ساڵی ٢٠٢١، كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لە ئامارێكدا ئەوەی خستبووەڕوو كە تا ساڵی ٢٠٠٣، یەك ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار مەسیحی لە عێراق نیشتەجێبوون، بەڵام ئەو ژمارەیە بەھۆی كردە توندوتیژییەكان و شەڕ و پێكدادانەكانەوە بۆ ٣٠٠ ھەزار كەس كەمبووەتەوە و زۆربەیان وەك ئاوارە روویان لە ھەرێمی كوردستان كردووە و بەشێكی زۆریان وەك پەنابەر چووەنەتە دەرەوە.