شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، لە سبەینێوە بارانبارین دەستپێدەکاتەوە، لە هەندێک شوێن لێزمەباران دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، سبەینێ ھەینی لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی نوێ کە ناوەندەکەی بەسەر تورکیاوەیە و ھاتنی بارستە ھەوایەکی سارد و شێدار لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ئاسمان بەزۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو و شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە، کە کاریگەرییەکانی سەرەتا لە کاتەکانی بەرەبەیانەوە لە سنووری پارێزگای دھۆکەوە دەستپێدەکات بە بارانی مامناوەند پچر پچر.
وتیشی، لە ناوچە شاخاوییەکانی دھۆک و ھەولێر بەتایبەت ناوچەکانی قەزای ئامێدی، ئاکرێ و مێرگەسوور ڕێژەی بارانەکە زیاتر دەبێت و ھەندێک کات لێزمە باران و ھەورە بروسکە چالاک دەبێت و بارانی پێشبینیکراو لەو دەڤەرانەدا لەسەروو 50ملم تا زیاتر لە 100ملم چاوەڕوان دەکرێت، کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانە بە ڕێژەیەکی مامناوەند و پچر پچر لە کاتەکانی نیوەرۆ بەدواوە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەرین و پارێزگاکانی کەرکووک، سلێمانی و ھەڵەبجە دەگرێتەوە، بە لاوازیش ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان.
ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ سبەی 3 تا 4 پلە دادەبەزێت، خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت لەنێوان 10 – 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئاڕاستەی با لە گۆڕاندا دەبێت .
بە وتەی ئەو کەشناسە بەھۆی ئەو بارستە ھەوا ساردەی ڕوودەکاتە ناوچەکە و بەتایبەت کاریگەری لەسەر ناوچە شاخاوییە سنورییەکان سبەینێ لە سەر لوتکەی چیا بەرزەکان بەفر دەبارێتەوە.