دوای وتەكانی بەڕێز كاك محمدی حاجی محمود:
چۆن ئۆپۆزسیۆنی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە بناسینەوە؟!
د. سەعید عەلی محەمەد
ئاشكرایە لە هەموو وڵاتێكی جیهاندا لایەنی دەسەڵات ئەركی ڕاپەڕاندنی كاروباری هاونیشتمانیان و پاراستنی مافەكانیان و دەستەبەر كردنی ئاسایش و ئارامی بۆیان لە ئەستۆ دەگرێت! هەروەها بەپێی سروشت و جۆری سیستمی سیاسی و ئاستی پیادەكردنی فەزای دیموكراسی یاساو ڕێساكان دادەڕێژرێن و جێبەجێ دەكرێن، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی ماف و ئازادییەكان و ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە و دەسەڵات و، ڕێگریكردن لەبێ سەروبەریی و بڵاوبوونەوەی فەوزا و پاشاگەردانی و تێكچوونی ئاسایشی گشتی!
ئەگونجێ هەندێجار كەسانێك یان چەند دەستە و تاقم و لایەنێك لێرەو لەوێ بەو یاساو ڕێسایانە ڕازی نەبن، یان لەسەر شێوازی جێبەجێكردن و دابەزاندنی ئەو یاسایانە بۆ نێو ژیانی واقیعی كۆمەڵگە ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەبێت كە ئەمەش سەرهەڵدانی دیاردەیەكی سیاسی نوێی لە فەزای گشتی وڵاتدا لێدەكەوێتەوە كە پێی دەوترێ : دیاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون.
ئەڵبەت پسپۆڕان و شارەزایانی بواری سیاسەت قسەی زۆریان لەسەر ئەم دیاردەیە كردووە، هەروەها پێناسەی جۆراوجۆریان بۆ وشەی ئۆپۆزسیۆن داڕشتووە كە گرنگترینیان و نزیكترینیان ئەوەیە : ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بەرانبەرە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە هەردوو ڕووی پڕۆژە و ئامانجەوە ، هەندێكیان دەڵێن : ئەم دەستەواژەیە لە بنەڕەتدا وشەیەكی لاتینیە كە بریتیە لە (oppositus) و واتای گێچەڵ دروستكردن یان وەستانەوە دژی حكومەت دەگەیەنێ.
بێ گومان دیمەنی سیاسی هیچ وڵاتێك كە سیستەمی دیموكراسی پەیڕەو بكات تەواو نابێت ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی نیشتمانی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە لەو وڵاتەدا بوونی نەبێت و، لە پەرلەماندا فراكسیۆنێكی پەرلەمانیی نوێنەرایەتی نەكات!
ئەڵێم (ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە) چونكە هەندێك لەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی كە لە قۆناغە جیاوازەكاندا بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان كردووە یان ئێستا ئەو بانگەشەیە دەكەن لە ڕاستیدا ڕاستگۆنەبوون یا نین و، ئۆپۆزسیۆن بونیان وەك ئامڕازێك و كارتێكی فشار بۆ دەستكەوتی حیزبی و تەنگەتاوكردنی حكومەت و دەسەڵات بەكارهێناوە یان دەیهێنن!
هەندێك زەرورەتی بوونی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا وەك زەرورەتی خوێ و بەهارات بۆ نێو خواردن وەسف دەكەن كە بۆن و تام و چێژێكی زیاترو تایبەت بەخواردنەكە دەبەخشێ و. بەپێچەوانەوە خواردنەکە بێ هیچ تام وبۆن وچێژو لەزەتێک دەمێنێتەوە.
ئۆپۆزسیۆن هەندێ جار ڕواڵەتیە و لە ڕاستیدا بەشێكە لە دەسەڵات و چینە سیاسییەكە، ئەمانە لەسەر سواڵ و سەدەقەی دەسەڵات و چەند دەستكەوتێكی حیزبی تەسك دەژین و خۆیان بەڕێوە دەبەن، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە هیچ ڕۆڵێكی بنیاتنەری نابێت و تەنها گوزارشت لە بەرژەوەندییە حیزبی و ناوچەیی و تایبەتییەكانی خۆی دەكات و هیچی تر!
جۆرێكی تر لە ئۆپۆزسیۆن هەیە ئەركی تەنها دەربڕینی هەڵوێستی ڕەخنەگرانەیە لە ڕاگەیاندنەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و، قەت توانای دەرچوونی لەو فەزایە نیەو، ناتوانێ دابەزێتە شەقام و بەشێوەیەكی ڕێكخراو و تۆكمە و نەخشە بۆ داڕێژراو ڕووبەڕووی دەسەڵات ببێتەوە!
هەندێ جار ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە دەرەوەی پەرلەمانە و وەك كاردانەوەی هاتنەكایەی دەسەڵاتێك یان سەرۆكێكی ناشەرعی خۆسەپێن لە دایك دەبێ، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە خاوەن ڕوئیا و پڕۆژە و بەرنامەیەكی سیاسی تایبەت بە خۆیەتی و، توانای پێشكەشكردنی ئەلتەرناتیڤی سیاسی ڕوون و ئاشكرای هەیە و، ڕاستگۆیانە گوزارشت لە داواكاری و ئیرادەی گەل و جەماوەر دەكات!
ئۆپۆزسیۆنی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە كامەیە؟
شارەزایانی سیاسی پێیان وایە ئەم خاڵانەی خوارەوە دەكرێ بە سیما و ئاماژەكانی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستگۆ و ڕاستەقینەی نیشتمانی لە قەڵەم بدرێن :
- كاركردن و ئەنجامدانی چالاكی سیاسی جۆراوجۆر بەشێوەیەكی ئاشتیخوازانە و لە چوارچێوەی دەستور و یاساو ڕێسا كارپێكراوەكاندا.
- مومارەسەكردنی سیاسەت لە چوارچێوەی ڕوئیایەكی نیشتمانیدا.
- مامەڵە نەكردن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دژ بە بەرژەوەندییەكانی وڵات و پەیڕەونەكردنی تیرۆر و توندوتیژی و تۆقاندن وەك ئامڕازێك بۆ گۆڕانكاری.
- ئاشكراكردن و دەرخستنی سەرچاوەی تەمویل و دارایی .
لە دیدی شارەزایان و پسپۆڕانی سیستەمی دیموكراسیدا ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانیی ڕاستگۆ هەمیشە لە كێ بەركێ یەكی پاك و شەفافدایە لەگەڵ حكومەت بۆ ئەوەی پاڵ بە حكومەت و دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە بنێت باشترین ئەدای سیاسی و خزمەتگوزاری ئابووری و خەدەمی و ئەمنی پێشكەش بە هاونیشتمانیان بكات.
ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لە وڵاتانی پێشكەوتوودا لەگەڵ هیچ هێز و وڵاتێكی دەرەكیدا دەست تێكەڵ ناكات و، هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ هێز گەلێكی ناوخۆیی ناكات بۆ ڕووخاندن و هەڵتەكاندنی حكومەت!
ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە بە تێڕوانینی ئەو شارەزایانە نابێتە بەشێك لە ئەجێندای دەرەكی دژ بە خەڵك و نیشتمان و نەتەوە ، بەلای ئەوانەوە ترسناكترین جۆری ئۆپۆزسیۆن ئەو ئۆپۆزسیۆنەیە كە هەمیشە زمانی سوكایەتی و موهاتەرات و گوتاری ناشرینكردنی هەر لایەنێك پەیڕەو دەكات كە لەگەڵیدا هاوڕا و هەماهەنگ نەبێت!
ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا :
بەو پێیەی لە كوردستاندا زۆرێك لەو حیزب و لایەنانەی كە لە ڕابردوودا دروشمی ئۆپۆزسیۆن بونیان بەرز كردبوویەوە و لە واقیعدا هەڵگری سیفەت و تایبەتمەندییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە نەبوون، ئەم حاڵەتە كاریگەری خراپ و ئەرێنی بێ ئەندازەی لە زهنیەتی تاكی كوردیدا دروست كردووە و، بێ هیوایی و بێ متمانەیی یەكی تا سەر ئێسقانی بەرانبەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكان بە هەموو ئاڕاستەكانیانەوە هێناوەتە ئاراوە! جەماوەر ئێستا سەری لێشێواوە و نازانێ لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگ بە چ لایەنێك بدات؟ نازانێ كام حیزب و لایەن و هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەن؟ هاوڵاتی نازانێ دەنگ بە هەڵگرانی دروشم و لافیتەی ئیسلامی بدات وەك جێبەجێكردنی ئەركێكی شەرعی و ئایینی سەرشانی خۆی؟ یان دەنگ بەو بەربژێرانە بدات كە ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی و دروشمی دژایەتی كردنی دەسەڵات و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و نادادییان بەرز كردۆتەوە؟ یان دەنگ بەو بەربژێرانە بدات كە لە عەشرەت و بنەماڵە و خێزانەكەی خۆیەوە نزیكن بە ئومێدی ئەوەی لە داهاتوودا سودێكییان بۆی هەبێت و شتێكی بۆ بپچڕێنن؟!
لەڕاستیدا جەماوەر متمانەی بە هیچ یەكێك لەم ڕەنگ و فۆڕمانە نەماوە كە باسمان كردن، چونكە هەموویان بە لای هاوڵاتی یەوە بە فیعلی و بە واقیعی تاقیكراونەتەوە و، زۆربەشیان خاوەن هیچ گۆشە نیگا و بەرنامەیەكی سیاسیی چاكسازیی تۆكمەی ئەوتۆ نەبوون و، بەدرێژایی قۆناغەكانی ڕابردوو هیچ شتێكیان نەگۆڕیوە و، بارودۆخەكە وەك خۆیەتی و بەڵكو خراپتر لە جاران قەیرانەكان درێژەیان هەیە!
ئەو لیست و قەوارانەی كە ئێستا لە ساحەی سیاسی كوردستاندا وەك بەرەی ئۆپۆزسیۆن و جەماوەر خۆیان نمایش دەكەن و، هەر لە ئێستاوە هەڵپە و بەرنامەسازی بۆ كۆكردنەوەی دەنگە ناڕازییەكان دەكەن، هەمان تایپە كۆنەكانن و هەمان سیاسی و دەم و چاوەكانی ڕابردوون كە لای جەماوەر نەیانتوانیوە هیچ دەستكەوتێكی گەورەی نەوعیی بەدەست بهێنن و، هیچ جۆرە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە سیستەمی حوكمڕانی و فەرمانڕەوایی لە كوردستاندا بهێننە كایەوە، بە مانایەكی تر واتە لە كوردستاندا تا ئەم چركە ساتەش هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی نوێی ڕاستەقینە چ لەڕووی بەرنامە و پرۆژەوە چ لەڕووی كاراكتەرە پێشكەش كراوەكانەوە بەدی ناكرێ!
وتەكانی بەڕێز كاك محمدی حاجی مەحمود و دەرەنجامە خراپەكانی :
وەك بەڵگەیەك لەسەر ڕاست و دروستی بۆچوونەكەی ئێمە و سەلماندنی ئەو ڕاستییانەی خستمانەڕوو: لەم ڕۆژانەدا بەڕێز كاك محمد حاجی محمود لە دیمانەیەكی تایبەتدا پەردەی لەسەر دۆسیەیەكی نهێنی و پشت پەردە لاداو، كۆمەڵێك زانیاری هەستیارو گرنگی لەسەر بابەتێكی پەیوەست بەخۆی و چەند حیزبێكی هاوپەیمانی حیزبەكەی خۆی لە ساڵانی ڕابردوودا خستەڕوو! ناوبراو تایبەت بەو لیستەی كە چوار لایەنی كوردستانی بەناوی لیستی (خزمەتگوزاری و چاكسازی) بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان پێكیان هێنا ئاماژەی بە سەفقەیەكی نهێنی ژوورە تاریكەكان كرد، كە خۆی و هاوەڵەكانی لەو هاوپەیمانیەتە لەگەڵ دەوڵەتێكی ئیقلیمی بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی كاراكتەرێكی عەسكەری و ئەمنی ئەو وڵاتە ئەنجامیان داوە و، دواتر وەرگرتنی ملیۆنێك دۆلاری لەو دەوڵەتە و دابەشكردنی لەنێو ئەو چوار لایەنەدا لێ كەوتووەتەوە، ئەمە جگە لەو بڕە یارمەتییەی كە ئەو چوار لایەنە لە سەرۆكی حیزبێكی كوردستانەوە وەریان گرتووە بۆ پشتیوانی كردنی لیستەكەیان!
ئەڵبەت من بە خۆپاراستن لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئەو زانیارییانە ڕاستن یان ناڕاستن، ئەوەی زیاتربەلامەوە جێی پرسیارو تێڕامانە ئەوەیە: ئایا جوڵاندن و وروژاندنی ئەم بابەتە هەستیارە لەم كات و تەوقیتە تایبەتەدا لەپێناو چی و بە ئامانجی چی؟ كێ لە پشت جوڵاندن و وروژاندنی ئەم دۆسیە و خستنەڕووی ئەم زانیاریانەوەیە؟ بە تایبەت لەسەر زاری كەسایەتییەكی سیاسی سادەی وەك كاك محمدی حاجی محمود!
بەدەر لەم پرسیارانەش ئایا ئەو لایەنانەی كە ساڵانێكی دوور و درێژ لاف و گەزافی ئۆپۆزسیۆن بوون و بەرگری لە مافی میللەت و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی دەسەڵاتیان بەرزكردۆتەوە چۆن نققەیان لەخۆیان بڕیووە و لە ئاست ئەم تۆمەت و دۆسیە قەڵبانەدا بێ دەنگیان هەڵبژاردووە؟!!
ئایا ئەم جۆرە تۆمەت و دۆسیە و زانیارییە هەستیارانە سیقە و متمانە و قورسایی و ڕاستگۆیی و نەزاهەت و پاكی و بێ لایەنی و سەربەخۆیی بڕیارو گوتاری سیاسی بەشێك لەو بەرەیەی كە ناوی خۆی ناوە (بەرەی ئۆپۆزسیۆن و جەماوەر) ناخاتە ژێر پرسیارەوە؟!!
لە ڕاستیدا تۆمەتی گەورە و ئابڕووبەر وەڵامدانەوەی گەورە و ئابڕووبەرو تۆقێنەری دەوێ، بە تایبەت لەم ساتە وەختەدا كە ئەو لایەنانە بە هەمان دروشم و بەرنامەی ئینتخابی و نەهجی سیاسی سەردەمی هاوپەیمانی (خزمەتگوزاری و چاكسازی) سەرقاڵی خۆئامادەكردن و خۆسازدانن بۆ چوونە نێو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە! ئەو حیزب و هێزە سیاسییانەی كە بەڕێز سكرتێری حیزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان ناوی هێناون لە ڕابردوودا و تا ئەم لەحزەش خۆیان بە دوژمنی سەرسەختی دەسەڵاتی گەندەڵ و فەرمانڕەوایەتی بنەماڵە و سەر مەشقی حوكمی ڕەشید و فریادڕەسی جەماوەر و خەڵك دەزانن، بۆیە پێویستە بۆ نیشاندانی پەرێز پاكی و لەپێناو لەکەدارنەبوونی سومعەی سیاسی و ئیسلامی خویان، هەروەها بۆ ڕەواندنەوەی گومانەكان و دروست نەكردنی كاریگەری خراپ لەسەر زهنیەت و دەروونی جەماوەر و دەنگدەرەكانیان، نابێ ڕێگە بدەن ئەم بابەتە بە ئاسانی بەسەریاندا بسەپێنرێ و تێپەڕێنرێ، ئەگەر نا بێدەنگ بوون و ڕستەو وەڵامی ئینشائی گومانەكان لەسەریان تۆختر دەكاتەوە و، دەیان پرسیاریش سەبارەت بە ڕادەی ڕاستگۆیی ئەو دروشم و شوناسە سیاسی و ئیسلامی و نیشتمانیەی كە ئەو لایانە هەڵیانگرتووە دەهێنێتە كایەوە!