سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەكەی هەمیشە بەدوای دۆزینەوەی ڕێگەچارە بووە بۆ فەراهەمكردنی سەقامگیری وڵات و چەسپاندنی دیموكراسی و دەشڵێت: “قەوارەی هەرێم لە دەستووردا چەسپێنراوە و لە ئەنجامی خەباتی دوورودرێژ و بەردەوام هاتۆتەدی”.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئاداری 2024 مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەڵاحەدین، پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بارزانی ڕایگەیاند، كە نەورۆز بۆ كورد هێمای سەركەوتنە بەسەر تاریكیدا بە داگیرساندنی بڵێسەی ئازادی و ئاشتی.
سەبارەت بە ڕاگەیەنراوی مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن، بارزانی وتی: “پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بەدوای دۆزینەوەی رێگەچارە بووە بۆ فەراهەمكردنی سەقامگیری وڵات و چەسپاندنی دیموكراسی بەگوێرەی بڕگەكانی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق”.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بارزانی دووپاتی لە پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان و سەرجەم مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان كردەوە، چونكە قەوارەكە لە دەستووردا چەسپێنراوە و لە ئەنجامی خەباتی دوورودرێژ و بەردەوام هاتۆتەدی.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق تێگەیشتنی تەواوی خۆی بۆ دۆخەكە دەربڕی، دواتریش هەردوولا جەختیان لە دۆزینەوەی چارەسەرێك لەسەر بنەمای دیموكراسی و سیستەمی فیدڕاڵیدا كردەوە.