دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی کۆبووەوە و ڕایگەیاند، ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن لە وادەی ڕاگەیەندراوی خۆیدا، بەھەر بیانووییەکەوە بێت، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی ھەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بەسەرپەرشتی بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە دەباشان کۆبووەوە و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کرا،کە بڕیارە رۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ لە ھەرێم ئەنجام بدرێت.
لە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا پێداگری لەسەر پێویستی بەپەلە دابەشکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرایەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە:
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە ئەمرۆ (١٩-٣-٢٠٢٤) لە دەباشان بەڕێوەچوو وێڕای وەبیرھێنانەوەی ئامادەگەیی لەمێژینەی یەکێتیی بۆ ھەڵبژاردن، تەئکیدی لەسەر ھەڵوێستی نەگۆڕیشی کردەوە کە پێویستە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت. وەک تەنھا و تەنھا رێگای راست و رەوای نوێکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسیی و شەرعیەتی حوکمڕانی لەوڵاتەکەماندا.
کۆبوونەوە پێی وایە ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی خۆیدا، بەھەر بیانووییەکەوە بێت، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی ھەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تەئکیدیشی کردەوە پاراستنی قەوارەکەمان لە ھەڕەشە و مەترسی، تەنھا لەرێی گەڕانەوە بۆ ڕای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە ھەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت کە روانینی سەرجەم ھێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک.
کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی ھەڵوەستەی لەئاستی ئەو راستیەشدا کرد کە ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی کوردستانی ئازاد بە قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیھاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتر بکات کە پشتیوانی لە ئەزموونێک دەکات ئازاد و دیموکرات و شەرعی بێت.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٩-٣-٢٠٢٤