جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە هاوكات سەرۆكی حكومەتی هەرێمە سەبارەت بە بڕیاری حزبەكەی بۆ بایكۆت كردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، “لەگەڵ هەڵبژاردنین، بەڵام پێویستە هەڵبژاردنێكی ڕەوا و دیموكراتییانە و دەستووری بێت”.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت پێشوازی لە تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا كردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانیی پێشمەرگە و هاریكاری و هەماهەنگیی وڵاتەكەی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردۆتەوە.
مەسرور بارزانی وتویەتی، “هەرچەندە بە شێوازی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازی و ئابووری و بەناو یاسایی، فشار لە هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری مافە دەستوورییەكانی ببێت، بەڵام خەڵكی كوردستان هەرگیز ئامادە نییە سازش لەسەر مافەكانی بكات”.
لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن، مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە، “ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین و لەگەڵ هەڵبژاردنین، بەڵام پێویستە هەڵبژاردنێكی ڕەوا و دیموكراتییانە و دەستووری بێت و لە چوارچێوەی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە بێت، كە گەرەنتی نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان بكات”.