قەوارەی حکومەتی هەرێم بە دەستکەوتێکی مێژوویی و بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵەی کوردستان دادەنرێت، بەڵام ئێستا لە لێواری ترازاندایە.
لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان خاوەنی ئاستێکی بەرزی ئۆتۆنۆمی “مافی چارەی خۆنووسین” بووە لەلایەن حکومەتی ناوەندی بەغداوە، هەولێر هاوتەریب بە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ ڕێبازی سیاسی و ئابووری خۆی داڕشت، گرێبەستی نەوتی کرد، پەرلەمانی هەڵبژارد، پەیوەندییەکانی هەرێمی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە پەرەپێدا، لە کاتێکدا پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەدەست گرژی وململانێکانەوە دەیانناڵاند.
لە ساڵی ٢٠١٧ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند، وا دەردەکەوت کوردستانێکی تەواو سەربەخۆ مومکینە، ئەمەش ترسی پەرتبوونی بۆ عێراق دروست کردبوو.
ئێستا بارودۆخەکە بە تەواوی جیاوازە و پێچەوانە بووەتەوە، لەناو ژینگەیەکی ئەمنی سەقامگیرتردا، حکومەتێکی یەکگرتووی سیاسی لە بەغدا دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ تێکدانی ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا هاوسەنگی هێز بەرەو ناوەند دەگەڕێتەوە.
فشارەکان بەردوامییان هەیە و لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکرد، کاتێک گروپە چەکدارەکانی عێراق چەندین هێرشیان بۆ سەر ئامانجەکانی پارێزگای هەولێر دەستپێکرد، ئێرانیش لە 15ی کانوونی دووەمدا هێرشێکی مووشەکی بالیستی بۆ سەر هەولێر ئەنجامدا، کە سەرنجی جیهانی ڕاکێشا و بووە سەردێڕی هەواڵەکان.
لە 21ی مانگی شوباتدا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوو بڕیاری تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەرکرد، کە لێکەوتەی دوور مەودای لێکەوتەوە، بڕیاری یەکەم بەرپرسیارێتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گواسترایەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی و بڕیاری دا کە هەولێر “هەموو داهاتە نەوتییەکان و نانەوتییەکان” ڕادەستی بەغدا بکات.
تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش بڕیاریدا کورسییەکان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمبکرێنەوە، کە ئەو 11 کورسییە تایبەت بوون بە پێکهاتە و کەمینەکانی هەرێمی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی دواتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی وتارێکدا لە هەڵەبجە وەڵامێکی توندی دایەوە و ڕایگەیاند، “لە لایەکەوە تاوان دژی ئێمە ئەنجام دەدەن … قوڕگمان دەگرن و هەناسەمان دەبڕن، لە لایەکی دیکەوە خۆیان وەک فریادڕەس نیشان دەدەن”.
دادگای باڵای فیدڕاڵی فیدراڵی لەلایەن دادوەر فایەق زێدان سەرۆکایەتی دەکرێت، کە نزیکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، کە پارتە سیاسییە شیعەکانی سەر بە ئێرانە و کۆنترۆڵی حکومەتی ئێستای فیدراڵی دەکەن، هەر بۆیە ڕەخنەگرانیشی تۆمەتباری دەکەن بەوەی دادگاکەی بە سیاسی کردووە.
هاوکات دەسەڵاتی کوردیش بێ تاوان نییە، ناکۆکییە کەسی، دارایی و ئەمنییەکانی نێوان سەرکردنەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامی هەیە و هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری بێ ئەنجام بوون.
حکومەتی هەرێم لە قەیرانی ئابووریدایە، زیاتر لە دە ساڵە بەغدا لە چوارچێوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت و گازدا بەشەبودجەی هەرێمی سنووردارکردووە.
ساڵانێک هەولێر توانی لە ڕێگەی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتەوە توانیبووی خۆی بەهێز بکات، بەڵام حکومەتی ناوەندی ساڵی ڕابردوو لە بڕیارێکی ناوبژیوانی دادگای پاریس لە دژی تورکیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕاگرت.
لە ئەنجامی ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدا قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە مووچەخۆرانی هەرێمی گرتووەتەوە، فەرمانبەرانی هەرێمیش بۆ دابەشکردنی مووچە متمانەیان بە بەغدا هەیە، هەر بۆیە هەناسەیەکی ئارامیان هەڵکێشا کاتێک دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا مووچەی مووچەخۆران لەلایەن بەغداوە دابەشبکرێت، بەڵام هەولێر بە توندی بەرەنگاری ئەو بڕیارە دەبێتەوە کە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات بەوەی سەرجەم داهاتە نەوتی و نا نەوتییەکان ڕادەستی بەغد بکات، پێی وایە قەوارەی هەرێم و سەربەخۆی دارایی حکومەتی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە.
لەو چوارچێوەیەدا مەسرور بارزانی سەردانی واشنتۆنی کرد و بەدوای پشتیوانیدا دەگەڕا بۆ وەڵامدانەوەی فشارەکانی بەغدا، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا لە ئامانجی سەردانەکەیدا سەرکەوتوو بووە یاخود نا بۆ بەدەستهێنانی نێوەندگیری ئەمریکا لەنێوان هەرێم و بەغدا.
هاوکات دامودەزگا سیاسییە خۆبەڕێوەبەرەکانی هەرێمی کوردستان بە هەموو کەموکوڕیەکانیانەوە، دەستکەوتێکی مێژوویین کە بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و شۆڕشی گەلی کورد بووە لە دژی ڕژێمی بەعس، ئۆتۆنۆمی کورد بەشێکە لە دەستووری عێراق و دەبێ هەم دان بەخۆیدا بنرێت و هەم بپارێزرێت، نابێت ڕێگەی پێبدرێت بترازێت.
سەرچاوە: The national