كۆسمیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواناخرێت و بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەنجام دەدرێت.
دادوەر عەباس فەتلاوی، سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردن و ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران ڕایگەیاندووە، تا ئێستا هیچ داواكارییەكی فەرمیمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەدەست نەگەیشتوە.
ئەو دادوەرە، كە خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، دەڵێت: “كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەردەوامە لە ڕێكار و ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا”.
لای خۆشیەوە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لیدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، “هەموو ئامادەکاریەکمان کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرچاوەی پێویستیشمان لەبەردەستدایە”.
وتوشیەتی، “داوای دواخستنی هەڵبژاردنمان بۆ ماوەی دوو مانگ لیکراوە، بەڵام ناچارین هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەببەین بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆك و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرەكانی سەرۆك كۆبووەوە و بڕیاریدا بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات بەهۆی نەمانی كۆتای پێكهاتەكان و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و هۆشداری كشانەوەش لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەدات.