شاندی هەرێم بۆ مووچە سەردانی بەغدا ناکات



لەنێوان ئاڵۆزییەکانی هەرێم و بەغدا مووچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەکانیاندان، بەڵام بڕیار نییە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکات.

وێڕای ئاڵۆزییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی پرسی مووچە و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، چاوەڕوانی مووچەخۆرانیش بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، بەڵام هیچ نیازێک نییە بۆ سەردانیکردنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابوورى حومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ی ڕاگەیاندووە، هیچ شاندێک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پرسى بۆ پرسى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا ناکات.

هاوکات شەوی ڕابردوو، سیپان عەزیز، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانم سبەینێ شاندێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم بۆ پرسی مووچە سەردانی بەغدا دەکات.

هاوکات بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاگەیەندراوێکى لە بارەى دابەشنەکردنى مووچە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانن.

بەشێک لە پەرلەمانتاران ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرن کە تا ئێستا هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە نەگرتووەتەبەر، لەکاتێکدا دەبوو هەر لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ڕاستەوخۆ سەردانی بەغدای بکردایە بۆئەوەی لەبارەی مووچە و جێبەجێکردنی بڕیارەکان بگەنە لێکتێگەیشتن.

لەو بارەیەوە دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، هەر ڕۆژی یەکەم لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کە دەزانرا گرفت بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، دەبوو شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای بکردایە، ئێستا درەنگە کە بڕیارە شاندی هەرێم بچێتە بەغدا، چونکە لە ماوەی 5 بۆ 6 مانگی ڕابردوودا مووچەخۆران چەندین مووچەیان وەرنەگرتووە، حکومەت لەسەر حسابی مووچەخۆر کات دەکوژێت.

لەلایەکی دیکەوە، پێشتر سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق دانیشتنێک ئەنجامبدەن، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق قسەی خۆی کرد و حکومەتی هەرێمیش لە ڕاگەیاندنەکانەوە قسەی کردووە، ئەمەش کێشەی مووچە و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ناگەیەنێتە ئەنجام.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 11ی ئازارى 2024، وەزارەتی دارایی عێراق بە چوار لیست نزیکەی 560 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خستەسەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکى ناوەندیی عێراق، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا وادەى دابەشکردنى مووچەى مانگى شوباتى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دیاری نەکردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 12ی ئازار لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، بۆ مووچەی مانگی شوبات داوای 949 ملیار 813 ملیۆن دیناریان لە بەغدا کردبوو، بەڵام بەو بڕەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامی هەیە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم قوربانی ململانێ سیاسییەکانن، لەکاتێکدا لە ساڵی ڕابردوودا مووچەخۆرانی مووچەی سێ مانگی کۆتاییان وەرنەگرت، ئەمساڵیش لە ناوەڕاستی مانگی ئادارداین و تا ئێستا یەک مووچە دابەشکراوە، دیاریش نییە کەی مووچەی مانگی شوبات دابەشدەکرێت.

چەند فەرمانگەیەکی دیکە بایکۆتیان ڕاگەیاند
پێت چەند فەرمانگەیەکی دیکە بایکۆتیان ڕاگەیاند
نرخی دۆلار زیاتر دابەزی
دوات نرخی دۆلار زیاتر دابەزی
پەیوەنیدر