یەکێتی خانەنشینانی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە کۆنگرەیەکیان بەست و دەڵێن،”حکومەت ئەگەر پابەند نەبێت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، ناچار دەبین ڕێگەی دیکە بگرینەبەر”.
یەکێتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دواکەوتنی مووچە ڕایگەیاند، پێویستە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق جێبەجێبکرێن، داوادەکەین کە حکومەتی هەرێم و عێراق پابەندبن بە پێدانی ماف و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەکەین کە هەماهەنگ بن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆئەوەی کێشەی مووچە چارەسەربکەن، چیتر بیانوو نەدۆزنەوە و میللەت نەکەن بە قوربانی ململان سیاسییەکانیان، بەڵکو چارەسەرێکی ڕیشەیی کێشەی مووچە بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، کێشەی ئێمە هەر مووچەی ئەم مانگە نییە، بەڵکو کێشەی ئێمە مووچە فەوتاوەکانی دیکەشە، لەگەڵ میکانیزمی دابەشکردنی مووچە و چەندین گرفتی دیکەی تایبەت بە خانەنشینان.
وتیشی، هیوادارین حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و مافەکانمان پێبدرێت، تا ناچارنەبین ڕێگەی دیکە بگرینەبەر و هەڵوێستی تر وەربگرین.