پارێزگای هەولێر بۆ ئامادەكاری ئەگەری ڕووداوی لافاو لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كۆبووەوە و ڕایگەیاند، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چاوەڕوانەکراو خرانە ئامادەباشییەوە.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە 2024.3.17، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لهگهڵ قائیمقام و بەرپرسانی فهرمانگه خزمەتگوزارییەکان و لایهنه پهیوهندیدارهكان، سەبارەت بە ڕەوشی کەش وهەواو و پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ ئەو ڕێژە باران بارینەی کە چاوەڕوان دەکرێت لەچەندڕۆژی داهاتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر ببارێت، ئەنجامدرا.
ئاماژە بەوەشكراوە، سەبارەت بەو ڕێژە باران بارینەش کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەندڕۆژی داهاتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر ببارێت، دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی کەشناسی لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و پێشبینیەکانیان بۆ ڕەوشی کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو، کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەی لای خوارەوە:-
یەکەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، هەریەک لە سنووری خۆی ژوورێکی عەمەلیات پێکدەهێنێت و لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چارەسەرکردنی ئەو گرفت و کێشانەی کە دەبنە هۆکار و مەترسی دروستبوونی لافاو.
دووەم/ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوەڕۆ و ئاودێری، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەی ڕێرەکانی (ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان).
سێیەم/ سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕیوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان، لەگەڵ سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەکتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو.
چوارەم/ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، وەک پێشوتر لەسەر ڕێگا گشتیی و سەرکیەکانی دەرەوەی شار دابەشدەکرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاککردنەوە و رێکخستنەوە و پاککردنەوە ڕێگای سەرەکییەکان.
پێنجەم/ (ئاسایش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو.
شەشەم/ ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێک و دروستبوونی هەر کێشە و گرفت و حاڵەتێکی نەخوازراو.
حەوتەم/ سەرجەم شار و سیتیەکان، لە بەرامبەر پاککردنەوەی ڕێرەی ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورسی کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی سنوورەکانیان بەرپرسیارن.
هەشتەم/ داوای لە هاوڵاتییان دەکەین هەمانگ و هاوکاری تیمەکانبن و پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکانبن، لەحاڵەتی باران بارینی زۆر نزیکی ڕووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.
نۆیەم/ سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرامبەر هەر کەمتەر خەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان هەریەکه و بەئاستی بەرپرسیاریەتی خۆی بەرپرسیار دەبێت.