هەریەكە لە كەشناسی عێراق و كەشناسی هەرێم پێشبینییەكان بۆ دۆخی كەشوهەوای ئەم هەفتەیە بڵاودەكەنەوە و هۆشداری بارانی بەخوڕ و تەرزە و ڕوودانی لافاو دەدەن و ڕایدەگەیەنن، نزیكەی 80 ملم باران دەبارێت.
دەستەی گشتی كەشناسی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ناوچەكانی وڵات دەكەونە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەك، كە هەورەتریشقەی لەگەڵە و بەهۆیەوە بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت.
ڕاشیگەیاندووە، “بەهۆی زۆری بارانەكەوە هۆشداری ڕوودانی لافاو دەدەین بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكانی ڕۆژهەڵاتی وڵات”.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بە هاتنی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین داوە و ڕایگەیاندووە، ڕۆژی دوو شەممە نمەباران لە کاتە جیاجیاکان لە هەندێک ناوچە دەبارێت و زۆربەی کاتەکان ئاسمان هەوری تەواو دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی سێ شەممە دوای زیادبوون و بەهێزبوونی کاریگەری ئەم شەپۆلەی ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات و بارانبارین بەشێوەی مامناوەند و لێزمە و هەورە تریشقە سەرجەم هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئاشكراشی كردووە، بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لەگەڵ کاتی دابارین لە نێوان 25 بۆ 85 ملیمەتر دەبێت.