ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە حکومەتی عێراق دەکات پەلە بکات لە ناردنی بودجەی 2024 کە زیاتر لە سێ مانگ بەسەریدا تێپەڕبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەیسەڵ نائیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، خشتەکانی بودجەی 2024 زۆر دواکەوتوون و دەبوو لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بنێردرایە، بە تایبەتیش لە کاتێکدا کە زۆربەی بڕگە و ماددەکانی جێگیرن و وەکو خۆیان ماونەتەوە.
ئاماژەشیدا بەوەی دواکەوتنی بودجە بە نەرێنی لەسەر حکومەت هەژمار دەکرێت و کاریگەریی لەسەر ئەو وەزارەتانە دەبێت کە کارەکانیان لەسەر پەسەندکردنی بودجە دەوەستێت.
فەیسەڵ نائیلی داوای لە حکومەت کرد پەلە بکات لە ناردنی بودجە بە تەواوکراوی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و بە جۆرێک نەبێت کە بنێردرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، چونکە ئەوەش کاتی زۆر دەبات.