سەرۆكی كاتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆك وەزیران پەیامێك بەبۆنەی ساڵیادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە بڵاودەكەنەوە و ڕایدەگەیەنن، كە پشتیوانی ئەو یاسایانە دەكەن، كە دادپەروەری بۆ خەڵكی هەڵەبجە بەدی دەهێنێت.
موحسن مەندەلاوی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەوەكالەت لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە یاسای دادپەروەرانە دەكات بۆ كەسوكاری قوربانیانی تۆماری خوێناویی و تۆڵەسەندنەوە لەو كەسانەی دەستیان بە خوێنی عێراقییەكان سوور بووە.
ڕاشیگەیاندووە، كارەساتی هەڵەبجە وەك زمانحاڵێكی زیندووی ڕژێمی دیكتاتۆری خوێناوی دەمێنێتەوە.
لای خۆشیەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 36ـەمین ساڵیادی كارەساتی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە، بە ئازارەوە یادی ئەو تاوانە و قوربانییەكانی دەكەینەوە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم كارەساتە لە ویژدانماندا دەمێنێتەوە و هانمان دەدات سیستمی دیموكراسیمان بەهێزتر بكەین.
وتوشیەتی، “هەوڵەكانی حكومەت بەردەوامە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئەو ڕۆڵانەی گەلەكەمان، كە تووشی زوڵم و ستەم هاتوون و هەوڵەكانی حكومەت بەردەوامە بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی پشتگیری لە مافەكانیان دەكات”.