ئەو هاووڵاتییەی ئۆتۆمبێلەكەی لەسەر ڕێگای دوكان- سلێمانی لەنزیك شارۆچكەی پیرەمەگروون سووتا، سوپاسی یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەران دەكات لەپای كڕینەوەی ئۆتۆمبێلێكی دیكە بۆی.
بەرهەم عەبدوڵا، خاوەنی ئۆتۆمبێلی تۆیۆتای پیكاب دەبڵ كابینە لە جۆری (مەرزیە) ڕۆژی هەینی ڕابردوو 8ی 3ی 2024 ئۆتۆمبێلەكەی لەسەر ڕێگای پیرەمەگروون- دوكان گڕی گرت و سووتا، لەو كاتەشدا یاسین مەحمود، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، كە بەو شەقامەدا تێدەپەڕی چووە لای ئەو خێزانەی ئەو ڕووداوەیان بەسەردا هاتووە و بڕیاریدا ئۆتۆمبێلێكی هاوشێوەی بۆ بكڕێتەوە.
بەرهەم عەبدوڵا، لەپای كڕینەوەی ئۆتۆمبێلێكی نوێ بۆی لەلایەن یاسین مەحمود-ەوە سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی ناوبراو دەكات و ڕایدەگەیەنێت، “بەناوی خۆم و خانەوادەكەمان سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی مەلا یاسین دەكەین، پاش ئەوەی گەیشتە سەر ڕووداوی سووتانی ئۆتۆمبێلەكەمان و بەڵێنیدا ئۆتۆمبێلەكەمان بۆ بكڕێتەوە”.
نووسیویشیەتی، “مەلا یاسین دەستبەجێ بەڵێنەكەی بردەسەر و ئۆتۆمبێلێكی لەوەی خۆمان بەرزتر و باشتری پێشكەش كردین”.