ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دابەزاندنی 50%ی باجی سەر ئاژەڵی دەركرد و وەزارەتی كشتوكاڵیش ڕایدەگەیەنێت، كە بە چەند ڕێكارێك نرخی گۆشت هەرزان دەكەن.
ئەمڕۆ چوار شەممە، عەباس جەبر ئەلعەللاوی، وەزیری کشتوکاڵ، خستنەكاری پاکێجێکی بڕیارەکانی بۆ کەمکردنەوەی نرخی گۆشت ڕاگەیاند و وتیشی، “بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لەسەر ئاستی جیهان کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەبووە بە عێراقیشەوە”.
ڕاشیگەیاند، ئێمە دەستمان کردووە بە پاکێجێک بڕیار، کە نزیکەی 12 خاڵ لەخۆدەگرێت، بەو پێیەی ئەو بڕیارانە بەشدار دەبن لە کەمکردنەوەی نرخی گۆشت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “یەکەم باری هاوردەكردنی ئاژەڵ هاتۆتە ناوەوە و بەرەو چوار پارێزگای عێراق ڕۆیشتووە و جگە لە بارەکانی دیکە بەسەر باقی پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت”.
جەختیشی كردەوە، “یەکەم بارکردن نزیکەی ١٩ هەزار سەر مانگای لەخۆگرتبوو و بەم پاکێجە گەورەیەش، کە خستومانەتە بازاڕەوە نرخی گۆشت لە بازاڕەکاندا کەمدەکاتەوە”.